سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بواری گومرگەکان و رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەکات
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بواری گومرگەکان و رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی ناو دەروازەکان ئەنجام درا و سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند و “چاکسازیکردن و رێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان ئەرکی لەپێشینەی حکومەتەولە سەر ئەم پلانە بەردەوام دەبین .
ئەم کۆبوونەوە کە لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەرێوەچوو تایبەت بو بە گفتوگۆکردنی دەرئەنجامی کاری لیژنەکانی تایبەت بە رێکخستنەوەی بواری گومرگ و لێخۆشبوونی گومرگی و دەروازە سنوورییەکان .
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەن، وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابووری وەک سەرپەرشتیارانی لیژنەکان راپۆرتەکانی خۆیان ئاراستەی بەشدار بووان کرد و هەموو وردەکارییەکانیان لەمبوارەوە خستە ڕوو .
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی دووپاتکردەوە کە چاکسازیکردن و رێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان ، ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیەیە و بابەتەکانی پەیوەست بە گومرگەکان و ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکانیشی بە بەشی گرنگی ئەم چاکسازییە لە داهاتی گشتی زانی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەڕەڕای جەخت کردنەوە ی پشتیوانی حکومەتی هەرێم بۆ کەرتی تایبەت و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و برەودان بە هاوبەشی پێکردنی کەرتی تایبەت لە بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم و دەستخستنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان، بڕیاردرا کە گشت دەروازە سنووریی و خاڵە گومرگییەکان بە پێی یاسا کارپێکراوەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان رێکبخرێنەوە و هەموو ئەو لێخۆشبوونە گومرگیانەش کە لە دەرەوەی یاساکان دراون هەڵبوەشێنەوە، سەبارەت بە گرێبەستی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە دەروازە سنوورییەکانيش لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن، لە کۆبونەوەکە جەختکرایەوە کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجامی کۆتایی ووردبینی و پێداچوونەوە بە سەرجەمیان تەواو بکرێت و لە بەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی گشتی و بە ڕەچاوکردنی یاسا وڕێنماییەکان ، بڕیاریان لە بارەوە بدرێت.