بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر شەش کەسی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دزی و کوشتنی خێزانێک دەستگیرکرد
لە بەردەوامی هەولەکانیان بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە شەش کەس بە تۆمەتی دزیکردن و هەوڵدان بۆ کوشتنی خانەوادەیەک لە گوندی لاجان لەسەر رێگای گوێڕ دەستگیرکران و تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، زانیاریی وردیان کۆکردوەتەوە كە شەش كەس بە ناوەكانی (ئ.ئ.س) و (هـ.ح.ع) و (م.ئ.م) و (م.م. ر) و (ت.رم) و (ش.ر.م) رێككەوتبوون كە لە گوندی لاجان لەسەر رێگای گوێڕ لە ئۆپەراسیۆنێکی هەڵکوتانەسەر بە چەک، هەڵبكوتنە سەر ماڵی هاووڵاتییەك بە ناوی (ف.ا.ا) و ویستبوویان پارەی لێ بدزن و دواتریش بیكوژن.
ئەوەش هاتوە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستبەجێ چەندین تیمی تۆكمە لە هێزەكانی پۆلیس پێك هێنرا و توانرا بە کەمتر لە 6 کاتژمێر، سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیر بكرێن، هەروەها دەست گیرا بەسەر چەکێکی کڵاشینکۆف و دەمانچەیەک و کۆمەڵێک ماددەی بێهۆشکەر و کەلەپچە و لەزگەی دەمبەستن بۆ ئەوەی خانەوادەکەی پێ بێهۆش بکەن لەگەڵ چەندین کەلوپەلی دیکەدا.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتباران دانیان نا بە تاوانەکەدا بۆیە بەپێی ماددە (55) لە یاسای سزادان بەند کران.