کونسولی نوێی ئەمریکا لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/7/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رۆب وۆڵەر کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی بۆ خواست لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا .
سەرۆکی حکومەت هەروەها پیرۆزباییشی لە ستیڤن فەیگن کونسوڵی پێشووی ئەمەریکا لە ھەرێم کرد بەبۆنەی ئەرکی تازەی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
کونسوڵی گشتی ئەمەریکا ئاماژەی بە گرنگیی بە هێزبوونی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی، بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە گەشەپێدانی ئابووری و بەتایبەتی لە بواری وزە و کشتوکاڵدا.