ئۆباما كۆشكی سپی بەجێ دێلێت و ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمریكایە

خواكوڕك 

وابریارە ئەمڕۆ 20ی 1ی 2017 ی رۆژی هەینی كاتژمێری 4:00 بەكاتی هەولێر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بە رێوڕسمی سوێندخواردن ببێتە 45مین سەرۆكی ویلایەتی یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئۆباما و هاوژینەكەشی كۆشكی سپی ئەمریكا بەجێ بێلن.

پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ توانی لە هەڵبژاردنی ئەمریكا سەركەوتن بەدەست بێهێنت، ئەمرۆ ترەمپ وەك 45مین سەرۆكی ئەمریكا سوێندی یاسای سەرۆكایەتی ئەمریكا دەخوات و پێكەوە لەگەڵ هاوسەرەكەی بە لیمۆزین دەچنە کۆشکی سپی و لەوێش لەلایەن باراک ئۆباما و میشیل ئۆبامای هاوژینیەوە پێشوازیان لێدەکرێت. هەردوو خانەوادە چایەک پێکەوە دەخۆنەوە و بۆ ماوەیەک پێکەوە دەبن.

پاشان، ترەمپ و ئۆباما و هاوژینەکانیان لە کۆشکی سپی دەچنە دەرەوە و بە جیا بەرەو کاپیتڵ هیڵ بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی ترەمپ سوێندی یاسایی بخوات و پێشبینیش دەکرێت کاژێر شەش و نیو بگەنە کۆنگرێس.

لە دەوروبەری کاتژمێر 19:30 خولەک رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە دەستپێدەکات و سەرەتاش چەند گوتەیەک پێشکەش دەکرێن و لە کاتژمێر 8:00یش سوێندخواردنەکە بەشێوەیەکی فەرمی دەستپێدەکات و پاشانیش ترەمپ گوتەیەک پێشکەش دەکات.

پاش ئەوەش، ترەمپ و میلانیا ماڵئاوایی لە باراک ئۆباما و میشیل ئۆباما دەکەن و دواتر سەرۆکی نوێ یەکەمین واژۆی فەرمی خۆی لە باڵەخانەی کۆنگرێس دەکات و دوای ئەوەش لە کۆنگرێس نانی نیوەڕۆ دەخۆن.

کاتێکیش رێوڕەسمەکە لە کۆنگرێس تەواو بوو، ئیدی ترەمپ و میلانیا دەگەڕێنەوە کۆشکی سپی و لەوێوە سەیری چەند نمایشێکی سەربازیی دەکەن.

چەند کاژێرێک دوای ئەوەش، دۆناڵد ترەمپ و هاوژینەکەی کۆشکی سپی بەجێدە‌هێڵن بۆ بەشداریکردن لە چەند کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئامادەبووانیش ئەوانە دەبن کە بانگێشتکراون.

دوا ساتەکانی شەو و لەم کۆبوونەوە کۆمەڵایەتیانەدا، جۆری جیاوازی خواردن دادەنرێن و چەندین تیمی میوزیکژەنیش بەشداردەبن.

 

س: رووداو 

Back to top button