بابەکر زێباری: دەمانەوێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە بنکەی سەربازی K1 لە کەرکوك

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەی پێکھێنانی ژوری ھەماھەنگی و ئۆپەڕاسیۆن لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەردەوامن، لەو چوارچێوەیەشدا لەسنوری خانەقین و مەخمور رێککەوتن کراوە، بەڵام بەغدا رازی نیە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بنکەی سەربازی K1 لە کەرکوك.

بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە، دانوستانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بەردەوامن لەبارەی پێکھێنانی ژوری ھەماھەنگی و ئۆپەڕاسیۆن لە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، چونکە پێکھێنانی ژوری ئۆپەڕاسیۆن کارێکی ئاسان نییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ھەندێک خاڵ دیاریکراون بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە و ڕێککەوتن کراوە بۆ ھەندێک ناوچە، لەوانەش لە مەخمور و خانەقین و چەند ناوچەیەکی دیکە ڕەزامەندی دراوە.

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە لەبارەی چۆنیەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوك و ئەوەی خستوەتەڕو، “ئێمە دەمانەوێی لە بنکەی سەربازی کەیوان خاڵێکی ھاوبەش ھەبێت، بەڵام بەغدا لەسەر ھەموو خاڵەکان ڕەزامەندی هەیە و تەنیا بۆ ئەوەی کەرکووك ڕازی نییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە و بنکەی ھاوبەش لە سەربازگەی کەیوان ھەبێت”.

Back to top button