سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : کۆتایی بە عەرەبکردن و داگیرکاری ناوچە کوردستانییەکان بێنن
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا نیگەرانی خۆی لە بارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەردەبڕێت کە ماوەیەکە بە ئاشکرا بۆ بە عەرەبکردنی ئەو ناوچانە هێزەئەمنییەکانی عێراقی فیدڕالیش هاوکاری عەرەبەکان دەکەن و بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری کورد .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پەیامەدا داوایەک ئاراستەی حکومەتی فیداڕڵی عێراق دەکات بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، بە پێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا ڕێگری لە هەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات، کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن
دەقی پەیامەکە
بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە. ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چآرەنووسیان دیاریکراوە.
لەکاتێکدا کە بە تووندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکووک دەکەین، دووپاتیشی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناکات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی کە 35 ساڵ لەژێر سایەی ڕژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو. بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەش ، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات .
داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین کە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، بە پێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا ڕێگری لە هەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات، کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. هەروەک پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەکارهێنانیان لەم پرۆسەیەدا. دووپاتیش لە داواکارییەکانمان دەکەینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور. هەروەها داواش لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین کە بەپەلە هەوڵی خۆی بدات بۆ ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە دەرهەق بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دەکرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەکانەوە.
سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت وڕەفتارانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان هەموو پێکهاتەکان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/9/22