راپۆرتی سێ مانگەی حکومەت لە بواری چاکسازی ئاراستەی پەرلەمان دەکرێت
لەو ڕاپۆرتەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی دەکات ، ئەو زانیاریانە دەخاتە ڕوو کە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا چ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ناوە .
لەمبارەوە دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی : ”حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ھەنگاوەکانی لە سەرەتای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەوە کە بۆ سێ مانگی یەکەم ئامادە کراوە، ڕەوانەی پەرلەمان بکات
هاوکات دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆئاماژە بەوە دەکات ”ڕاپۆرتەکە لە ئامادەکردندایە و لە ماوەیەکی نزیکدا ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمانیش ئاگاداری ئەو ھەنگاوانە بێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا ناویەتی.”
ڕەوانە کردنی ئەو ڕاپۆرتەی حکومەت بۆ پەرلەمان لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدایە کە پێشتر حکومەت ڕایگەیاندبوو تا جێبەجێکردنی تەواوی یاسای چاکسازی هەرسێ مانگ جارێک ڕاپۆرتی تایبەت لەمبارەوە ئاراستەی پەرلەمان دەکات .