مەترسییەکانی گۆڕینی سنوور لە باشوری قەوقاز
هەرێمی ناگۆرنی قەرەباخ، کە ئەرمەنیەکان بە (ئیرتیساخ) ناوی دەبەن، لەناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دوای شەڕێکی خوێناوی لەنێوان ئازەربێجان و ئەرمینیا بەپێی رێککەوتنێک لەچوارچێوەی گرووپی مینسک( ئەمەریکا، فەرەنسا و روسیا) سەربەخۆیی خۆی راگەیاندووە، سوپایەکی تایبەت بەخۆی هەیە، کە زۆرینەی لە ئەرمەن و کوردی ئێزدی پێکدێت.
شەڕی نێوان کۆماری ئەرمینیا و کۆماری ئازەربێجان لەسەر هەرێمی قەرەباخ زادەی ئەمڕۆ نییە. دوای شکستی ئیمپراتۆری عوسمانی لە شەڕی یەکەمی جیهان، ساڵی ١٩١٨جەنەڕال ئەندرانیک ئۆزانیان توانی بە هێرشێکی سەرکەوتووی سەربازی بچێتە ناو قەرەباخ، بەڵام کاتێک ساڵی ١٩١٩ هێزەکانی بەریتانیا باشوری قەوقازیان داگیر کرد، بەریتانیا جەنەڕاڵ ئەندرانیکی قایل کرد هێرشەکەی بۆ سەر شوشای پایتەخت رابگرێت، بۆئەوەی لە کۆنگرەی ئاشتی پاریس چارەسەرێکی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە، دواتر لە هەنگاوێکدا بەریتانیا بە کاتی کەسێکی ئازەربێجانی بەناوی خۆرسۆف بەگ سوڵتانۆف بە حاکمی ناوچەکە دامەزراند. ساڵی ١٩٢٠ سوپای یازدەی سۆڤیەت هێرشی کردە سەر قەوقاز و لەچوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەت کۆمارەکانی قەوقازی فیدراڵی سۆسیالیستی پێکهێنا،بۆ چارەسەر کردنی ناوچەی قەرەباخ بە سەرپەرشتی ستالین لیژنەیەک بەناوی ( نووسینگەی قەوقاز) لە حەوت کەس پێکهات. ساڵی ١٩٢١ لیژنەکە بە چوار دەنگی بەڵێ و سێ دەنگی نەخێر لە بەرژەوەندی ئەرمینیا دەنگیدا، بەڵام رۆژی دواتر لیژنەکە بۆ بەرژەوەندی ئازەربێجان لە بڕیارەکەی پەشیمان بووەوە، کە چاودێران پێیان وابوو بە هۆکاری سیاسی بوو. لە هەنگینڕا ناوە ناوە بە فوویێک ژیلەمۆی ئەو ئاگرە دەگەشێنرێتەوە. وەک ئەو شەڕەی لە٢٧ی سێپتەمبەری رابردوو بە فووی تورکیا هەڵگیرسایەوە. تورکیا، لە هەنگاوی یەکەمدا بەرەو ئامانجە گەورەکەی، کار بۆ ئەوە دەکات بەر لە ساڵیادی سەد ساڵەی کۆماری تورکیا( ١٩٢٣ هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆر و راگەیاندی کۆمار) یەکێتی کۆمارەکان لەگەڵ قوبرسی تورکی و ئازەربێجان پێکبێنێت. وەک راستییەکی دۆخی شەڕ، سوپای (ئیرتیساخ) بەدەست سێ هێزی بەشداری مەیدانی( ئازەربێجان، چەکدارە بەکرێگیراوەکانی لاگیری تورکیا و پاکستان) پەرێشان بووە، چەند شار و گوندێکی لەدەست داوە.
بۆیە ئەگەر لە شەڕی ئەمجارەی نێوان ئازەربێجان و ئەرمینیا، وەک ئەوەی پێشتر شانشینی بەریتانیا بەرامبەر جەنەڕاڵ ئەندرانیک یا وەک ئەوەی لیژنە حەوت کەسیەکەی یەکێتی سۆڤیەت بەرامبەر ئەرمینیا کردوویانە، گرووپی مینسک بۆ دڵراگرتنی تورکیا یا هەر هۆکارێکی دی دووبارەی بکەنەوە، بەواتای سەرکەوتنی ویستی تورکیا بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە باشوری قەوقاز دێت، کە جگە لەوەی دەستی تورکیا لە ناوچەکە و لەکەنار ئاوەکان کراوەتر دەکات، بە نۆرەی خۆی رەنگە مەترسییەکانی پەلهاوێشتنی بۆ ناوچەی دیکە تا دەگاتە پاکستان هەبێت، کە لە زوویێکەوە پاکستان کۆڵکەی هاوبەشی نێوان تورکیا و ئێرانە. بە مانایەکی دی ئەگەر لە نێوان ئێران و تورکیا لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش بەرامبەر خەونەکانیان( هیلالی شیعی و زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆر) نەبێت، پێناچێت ئێران تاسەر لەم هەوڵەی تورکیا لەناوچەکە بێدەنگ بێت، کە ئێستا لەنێوان پشتیوانی مەزهەب و تۆڵەی کۆنە قین لە ئازەرەکان تێدا ماوە.