بۆ ئەوەی “پەکەکە ” باشتر بناسن

 

عادل زەنگەنە نووسەر و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی نشتیمانی لە بابەتێکدا تاوتوێی هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە دەکات لە شنگال و دەنووسێت هۆکار چبوو تا پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقی لە شنگال جێگیر نەکران ، پەکەکە بڕیاری کشانەوەی لە شنگال نەدا

زەنگەنە باس لەداگرتنی ئاڵای پەکەکە دەکات پێش ئەوەی پۆلیسی فیدڕاڵی بگاتە ناوشنگال و بەم جۆرە دەست بە نووسینەکەی دەکات ، دوای یەك ھەفتە لە بڵاوبوونەوەی چوار لیوای پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە شنگال و بۆ جێبەجێكردنی (ڕێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی باردۆخی شنگال) بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، ئاڵای پەكەكە و ئەو گرووپە چەكدار و میلیشیایانەی تر لەناو شنگال كە لەسەر ھەندێك لە بینا و باڵەخانەكانی شنگال ھەڵیانكردبوو، لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیی عێراقەوە ھێنرانە خوارە.

هەر لەو بابەتەدا نووسەر تیشک دەخاتە سەر چەند خاڵێکی گرینگ و ئاماژە دەکات بەوەی ، ئەم ھەنگاوە سەرەتایەكی باشە بە ئاراستەی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە، بەڵام جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە مەبەستی ئەم نووسینە نیە، بەڵكوو مەبەستەكە ھەڵوێستی پەكەكەیە كە بەبێ ھیچ كاردانەوەیەك ڕازی بووە بە ھێنانەخوارەوەی ئاڵای حزبەكەی خۆی، بەڵام لەم ڕووداوەوە و بۆ ئەوەی باشتر پەكەكە بناسن، وەرن بەوردی سەرنج بدەن و بیری لێ بكەنەوە

دواتر عادل زەنگەنە بە چەند پرسیارێک کە ئاراستەی خوێنەرانی دەکات ،داوا دەکات با خوێنەر وخەڵکی کوردستان خۆیان بڕیار لە سەر کردەوەکانی پەکەکە بدەن ، بەمجۆرە دەپرسێت :

1- لەوەتەی پەكەكە لە شنگال خۆی سەپاندووە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كوردی ئێزدیی شنگال داوایان لێ دەكەن پێویستە ئەوان وەك ھێزێكی ناشەرعی و نامۆ بە شنگال، شنگال چۆڵ بكەن، بەڵام لەبەرامبەر ئەم داوایەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كوردی ئێزدیی شنگال، پەكەكە ھەڕەشەی بەكارھێنانی ھێزی دەكرد و چەندین پاساوی عەجیب و غەریبیشیان بۆ ئەو ھەڕەشانەی خۆیان دەھێنایەوە، كەچی كە ئێستا پۆلیسی فیدراڵیی عێراق ئاڵای حزبەكەیان لە شنگال دەھێنێتە خوارەوە و دەشبێت شنگال چۆڵ بكەن، زۆر بە كش و ماتی ڕازی دەبن و دەست لەسەر سنگ دەڵێن: بەڵێ فەرمانتان بەجێیە! ئەی ئێوە چەند وەختە بۆچی قسە ناكەن؟

2- لەوەتەی پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان و بە شێوەیەكی تاكلایەنە كۆمەڵێك ئیدارەی خۆسەریی بۆ خۆی دروست كردووە لە سنووری دەسەڵاتی خۆیان و سنوورەكانی خۆیان لەگەڵ توركیا، خاكی ژێردەستی خۆیان نەكردووەتە بنكەی ھێرش و پەلاماری سەربازی بۆ سەر پێگە سەربازییەكانی توركیا لەناو توركیادا، ئەمەش بۆ ئەوەی ئیدارە خۆسەرەكانی خۆیان سەلامەت بن، كە توركیاش پەلاماریان دەدات دیسان ھەر لەبەر سەلامەتیی ئەو بەشە لە ئیدارەی خۆسەری خۆیان كە بەدەستیانەوە ماوە، ھەموو ڕێككەوتنەكانی نێوان (ئەمەریكا – توركیا) و (ڕووسیا – توركیا) سەبارەت بە پاشەكشە و ناوچەی ئەمنی قبووڵ دەكەن و بۆ ھەمان مەبەستیش ئامادەی گفتوگۆ و ڕێككەوتنن لەگەڵ سووریا، كەچی كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە باشووری كوردستان پێیان دەڵێت: ”برادەرینە ئێمە لێرە حكوومەت و قەوارەیەكی كوردستانیی یاسایی و دەستوورییمان ھەیە و كارێك مەكەن كە سەلامەتیی ئەم قەوارەیە و ئەم حكوومەتە بەھۆی ئێوەوە بكەوێتە بەردەم ھەڕەشەی توركیا و با خەڵكی كوردستان بەتایبەتی گوندنشینان و جووتیارانی ناوچە سنوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا لەوە زیاتر ماڵوێران نەبن“، كەچی پەكەكە تەقەی سەری دێت و لە وەڵامدا دەڵێت: باشووری كوردستان بووە بە بەكرێگیراوی توركیا!

جا دوای خستنەڕووی ئەم دوو خاڵە، لە ئێوەی خوێنەرانی بەڕێز دەپرسم: توو ویژدانتان ئەم ئەجیندایەی پەكەكە كاری بۆ دەكات، كوردی و كوردستانیە، یان دژ بە كورد و كوردستان و كوردستانیانە؟ من هیچ ناڵێم، خۆتان بڕیار بدەن.

 

Back to top button