جۆ بایدن یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیی تەلەفۆنی له‌گه‌ڵ پوتن ئه‌نجامدا

سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیی له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیدا به‌ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی روسیاوه‌ كرد و چه‌ند پرسێكیان تاوتوێ كرد له‌وانه‌ ژه‌هرخواركردنی نافالینی، كه‌سایه‌تیی ئۆپۆزسیۆنی روسیا.

جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئاشكرایكرد كه‌ بایدن نیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه‌ ته‌له‌فۆنی بۆ پوتن كردوه‌ و خواستی ئه‌مریكای ده‌ربریووه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی نیوستارت كه‌ مانگی داهاتوو واده‌كه‌ی كۆتایی دێت، بۆ پێنج ساڵی دیكه‌، په‌یماننامه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ داماڵینی چه‌ك و ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌ردوولا پێوه‌ی پابه‌ندن.

بایدن گفتوگۆی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ژه‌هرخواركردنی كه‌سایه‌تیی ئۆپۆزسیۆنی روسیا “نافالینی” له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی روسیا كردوه‌ و پێی راگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌وباره‌یه‌وه‌ نیگه‌رانه‌.

هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا سه‌رۆكی ئه‌مریكا پشتیوانیی خۆی بۆ سه‌روه‌ریی خاكی ئۆكرانیا دووپاتكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ روسیا به‌رده‌وام دژایه‌تیی ده‌كات.

Back to top button