پەیامێک لە یەکێتی ئافرەتانی کورستانەوە:

دوای ئه‌وه‌ی ژنێكی خاوه‌نی سێ منداڵ له‌ هه‌ولێر  پاش ئه‌وه‌ی  له‌هاوسه‌ره‌‌كه‌ی جیاده‌بێته‌وه‌، له‌ لایه‌ن هاوسه‌ری و براكانی هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كوترێته‌ سه‌ر ماڵیان و له‌ به‌رده‌م دایكی ده‌درێته‌ به‌ر گولـله‌ ده‌كوژرێت، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم په‌یامێكی توندی دژ به‌و كاره‌ بڵاو كرده‌وه‌و هاوكات یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان په‌یامێكیان راگه‌یاند.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستاندا هاتووه‌، ئێمەی ئافرەتانی کوردستان شانازی بەوە دەکەین، کە دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی مافی ئافرەتە و هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دیموکراسی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون دامەزراوە و ئافرەت و پیاو لە بەردەم یاسادا یەکسانن. بەردەوامیش کار بۆ ڕەنگدانەوە و جێگیرکردنی پرەنسیبەکانی یەکسانی جێندەری لە بەرنامە و دامودەزگاکانی حکومەت دەکرێت.

 

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی یەکێتی ئافرەتانی کورستان

 

پەیامێک لە یەکێتی ئافرەتانی کورستانەوە:

 

ئێمەی ئافرەتانی کوردستان شانازی بەوە دەکەین، کە دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی مافی ئافرەتە و هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دیموکراسی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون دامەزراوە و ئافرەت و پیاو لە بەردەم یاسادا یەکسانن. بەردەوامیش کار بۆ ڕەنگدانەوە و جێگیرکردنی پرەنسیبەکانی یەکسانی جێندەری لە بەرنامە و دامودەزگاکانی حکومەت دەکرێت.

 

تاوانەکانی کوشتنی ئافرەت لە ھەرێمی کوردستان بە هەر پاساو و بنەمایەک بێت لە ڕووی یاسایی و دامەزراوەییەوە ڕەتکراوەیە و  سزای بۆ دانراوە، بەڵام مایەی نیگەرانییە سەرەڕای پێشڤەچونەکان؛ تا ئێستاش پیاوسالاری و ڕوانین لە ئافرەت وەک سامانی پیاو هەژمونی بەسەر هزری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا ھەیە و  بەڵکو بەرەنگاری هەموو هەوڵێکی کرانەوەی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی جڤاکی دەکات و ھەر دەرکەوتن و پێشکەوتنێکی ئافرەت بە پاساوی نالۆژیکی و دژە مرۆڤانە ڕەت دەکاتەوە.

 

تاوانی دڕندانەی کوشتنی ئافرەتێک لە گەڕەکی کارێزانی ھەولێری پایتەخت و هەموو ئەو تاوانانەی دیکەش کە لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کورستان لەسەر بنەمای جیاوازی جێندەری بەرامبەر ئافرەتان دەکرێن، لە هزری کۆمەڵایەتی و کولتوری پیاوسالاری  سەرچاوە دەگرن، کە مافی خاوەنداری و چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی ئافرەت بە پیاو دەدات.

 

مایەی خۆشحاڵی و شانازیمانە، کە بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم تاوانەی کرد و داوای دەسگیرکردن و سزادانی تاوانبارانی کرد، ھەروەھا پشتیوانی بەھێزی خۆی بۆ مافی یەکسان و ئازادی ئافرەت دوپات کردەوە.

ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو ئەوانەی کە لە روانگەی هزری پیاوسالاری و زایەندپەرستییەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو توخمی مرۆڤ دەڕوانن و ئەو مافانەی بۆ پیاو بە ڕەوای دەزانن بۆ ئافرەت بە ناڕەوا، کە لەم سیستەمی حوکمڕانی و لە روانگەی ئەم حکومەتەوە ئافرەت هاوڵاتی یەکسان و خاوەن مافە و حکومەت بەرپرسیارە بەرامبەر ژیان و گیانی، نەوەک ئەوەی خێزان و بنەماڵە ئافرەت بە موڵکی خۆیان بزانن و بە عەقڵی خۆیان توندوتیژی بەرامبەر بکەن و کۆتایی بە ژیانی بێنن.

 

ئێمە وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە شەڕی ئەو هزر و ڕوانگەیە کە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دەکا و مافی یەکسانی هاوڵاتیبوونی پێ ڕەوا نابینێ و خاوەنداری خۆی لێ زەوت دەکا؛ بەردەوامین و هیچ بەربەستێک ساردمان ناکاتەوە تا گەیشتن بە کۆمەلگەیەکی خاوەن ڕوانگەی دیموکراسی جڤاکی و کۆمەڵایەتی، کە تێیدا ئافرەت وەک مرۆڤێکی ڕێزدار و سەربەخۆ لەوپەڕی دڵنیایی و ئازادیدا پراوەی مافە مرۆڤایەتییەکانی خۆی بکات.

 

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

 

Back to top button