مه‌سرور بارزانى: ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە نیکیهیرۆ  ئاراکاوا بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر کرد .

سەرۆکی حکومەت ، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن کرد و هیوای خواست لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن،  لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ بدات.

لە کۆبوونەوەکەدا ، کە تۆیاما کەی بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی جایکای ژاپۆنی لە عێراق بەشدار بوو ، گفتوگۆ دەربارەی کار و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکا لە هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپۆن و بەتایبەتی ئاژانسی جایکای کرد کە ماوەیەکی زۆرە لە ڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەکانییەوە،  خزمەت بە هەرێمی کوردستان دەکات، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی دووپات کردەوە.

Back to top button