عێراق و سعوودیە جەخت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنەوە

 

عێراق و سعوودیە رێککەوتن لەسەر پشتیوانیکردن لە گفتوگۆی بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان بەجۆرێک کە لە خزمەت بە بەرژەوەندییەکان وڵاتانی ناوچەکەدا بێت.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی و باڵیۆزی سعوودیە لە بەغدا عەبدولعەزیز شممەری کۆبوونەوە.

 

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە میانی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و ریاز کراوە و لەمبارەیە جەخت لە گرنگی کرانەوە و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر لە سەرجەم بوارەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا کراوە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە قاسم ئەعرەجی و عەبدلعەزیز شممەری تاوتوێی دۆخی سیاسیی و ئەمنیی و هەنگاونان بەرە کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان بەجۆرێک کە لە خزمەت بە بەرژەوەندییەکان وڵات و گەلانی ناوچەکەدا بێت کردووە لەگەڵ جەختکردنەوە لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و دراوسێتی باش کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان و هاندانی وەربەرهێنان لە سەرجەم بوارەکاندا.

 

جێی ئاماژەیە، کۆتایی مانگی ئاداری رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانێکی فەرمی بۆ سعوودیە ئەنجامدا کە یەکەم سەردانی بوو بۆ ئەو وڵاتە لەوەتەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران لە ئایاری ٢٠٢٠دا.

 

Back to top button