بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى تيرۆرستان هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دەکرێت

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان و بە ئامادەبوونی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و جەمال ئێمینکی سوپا سالاری پێشمەرگە، دەزگا هەواڵگریی و هێزە ئەمنییەکانی راسپارد، بۆ ئەوەی تەواوی هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوو نەوەی داعش بخەنەگەڕ و هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی لەناوچە کوردستانییەکان کردەوە به‌گرنگ باسى لێوه‌كرا.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بۆ ده‌زگاكانى راگه‌ياند گوتى : “کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو هەڕەشە جدییانەی تیرۆرستانی داعش کە لە ماوەی رابردوو، بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە دروستیان کردبوو، کە بووە هۆی شەهید بوونی چەند پێشمەرگەيه‌كى  لیوای 10ی وەزارەتی پێشمەرگە و سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی فیدراڵ، بۆیە بڕیاردرا بە زیاتر چالاککردنی هەماهەنگی و کارە هاوبەشەکانی لیژنە هاوبەش و تیمە هاوبەشەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پێشمەرگە لە سەنتەرە هاوبەشەکانی نێوانمان و پڕکردنەوە بۆشاییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگریەکان، تا رێگربین لە دووبارە بوونەوەی کاری لەوجۆرە و زیاتر پتەوکردنی پشتێنە ئەمنییەکان و زیاد کردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان”.

له‌ راگه‌يێندراوه‌كه‌ جەبار یاوەر، راشیگەیاندووە، مستەفا کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد و هەر یەک لە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی لە حکومەتی فیدراڵی بەشدابوون.

 

Back to top button