هاتووچۆی هەولێر ڕوونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى گرته‌ ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌دات

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر، ڕوونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى گرته‌ ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌دات و ده‌لێت : ئەوە کەسێکی ئاسایی بووە و بەپێی زانیارییەکان سەرخۆش بووە، لەخۆیەوە هاتووه‌تە لای مەفرەزەکە و یاخەی گرتوون و جنێوی ناشرینی پێداون و پێی گوتوون ئێوە لەگەڵ سەگە بەرەڵایەکانی سەر شەقام جیاوازیتان نییە، .

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، رايگه‌ياندووه‌: “لە دوێنێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتە ڤیدیۆیەک بڵاو بووه‌تەوە که‌ تێیدا کەسێک لەگەڵ پۆلیسێکی هاتوچۆ شەڕ دەکەن، لەسەر ڤیدیۆكه‌دا نووسراوە (بەس بە فەقیری دەوێرن)، وا لێک دراوەتەوە کە گوایه‌ ئەو کەسە کوڕە هەژارێکە و ماتۆرسکیلی لێ گیراوە، سەرەڕای ئەوەش پۆلیسەکەی هاتوچۆ لێی دەدات”.

له‌ راگه‌يێندراوه‌كه‌ى هاتووچۆى هه‌ولێر ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: “بەڵام ڕاستییەکە بەو شێوەیە نییە، چونکە بەر لە هەموو شتێک ئەو کەسە نە ماتۆرسکیلی لێ گیراوە نە لێپیچینەوەی لەگەڵدت کراوە، بەڵکوو ئەوە کەسێکی ئاسایی بووە و بەپێی زانیارییەکان سەرخۆش بووە، لەخۆیەوە هاتووه‌تە لای مەفرەزەکە و یاخەی گرتوون و جنێوی ناشرینی پێداون و پێی گوتوون ئێوە لەگەڵ سەگە بەرەڵایەکانی سەر شەقام جیاوازیتان نییە، دواتر بەوەش نەوەستاوە، بەڵکوو دەستی بۆ یاخەی پۆلیسەکە بردووە، پۆلیسەکەش بۆ بەرگری لەخۆکردن، بە پاڵ دووری خستووه‌تەوە، کە ئەوە کاردانەوەیەکی ئاسایی هەر مرۆڤێکە کە سووکایەتی پێبکرێت”.

هاتوچۆى هه‌ولێر له‌ كۆتايى دا ده‌شلێت: “ئێمە ئەو ڕووداوە زیاتر بە دروستکراو دەبینین، چونکە شێوازی وێنەگرتنەکە وا نیشان دەدات کە وێنەگرەکە خۆی ئەو کەسەی ناردبێت بۆ دروستکردنی کێشەکە، لە دوای ئەو ڕووداوەش وەکوو ڕێکارێکی یاسایی کارمەندەکەی پۆلیس سکاڵای تۆمار کردووە لەسەر سووکایەتیکردن پێی لە کاتی ئەرک بێ هیچ هۆکارێکی دیار، بۆیە ئێمە دووبارەی دەکەینەوە، کە کارمەندانی ئێمە بۆ خزمەتکردنی خەڵک لەسەر شەقامەکانن و بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی ناکەنە سەر هاووڵاتییان، ئەوەی بووە تەنیا دوورخستنەوەی شەڕێکی لابەلا بووه‌.

Back to top button