لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: شاندی باڵای پێشمهرگه و بهرپرسانی ئهمنی عێراق كۆدهبنهوه و چهند تهوهرێك گفتوگۆ دهكهن
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، ئەمڕۆ چوارشهمه شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەکات و لەبارهی چەند تەوەرێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراق گفتووگۆ و کۆبوونەوە دەکەن، لەوانە دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەش و ھەماھەنگی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولا.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند: ئەمڕۆ چوارشهمه 25 ى 8 ى 2021 ، شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، ئەو سەردانەش تەواوکەری سەردانەکانی پێشووە بۆ ئەوەی لەبارەی چەند پرسێک بگەنە رێککەوتن.
راشیدهگهێنێت، شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراق باسی چەند تەوەرێک دەکەن، وەکو دروست کردنی دوو لیوای ھاوبەش کە ھەنگاوی باشی بۆ نراوە و کارکردنی ھاوبەش لەنێوان ھەرێم و بەغدا و پرسی ھەڵبژاردنەکان بەتایبەت لەناوچە کوردستانیەکان کە ڕەنگە کێشەی ئەمنی بۆ دروست بێت، بۆیە ئەمانە و چەند پرسێکی دیکە دەبنە تەوەری سەردانی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەغدا.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق دهشڵێت، ھەرێم و بەغدا دەیانەوێت لەبارەی دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانیەکان بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ ئەوەی ئەو دوو لیوایە لەناوچە کوردستانیەکان دەست بەکار بن و ئەو بۆشایانەی ھەیە پڕی بکەنەوە، چونکە لە ھەموو ناوچەکان جموجۆڵی داعش ھەیە.