حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالی بادینان: گرنگە حکومەتی فیدراڵی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانیان بکاتەوە.
لە پەیامێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالی بادینان ڕایدەگەینێت:”گرنگە حکومەتی فیدراڵی عێراقیش ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی بەرامبەر بە کەسوکاری قوربانیان جێبەجێ و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە.
دەقی پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالی بادینان.
لە دوا قۆناغی جێنۆسایدی ئەنفال و ٣٣ ساڵ بەر لە ئێستا، دەڤەری بادینان قوربانییەکی دیکە و گەورەی تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بوو کە هەزاران کەسی بێتاوانی، شەهید و بێسەروشوێن و ئاوارە و سەدان گوندیشی خاپوور کران.
ئەنفال کە تاکە ڕێگەیەکی دیکتاتۆریەتی بەعس بوو بۆ مانەوەی خۆی و لەنێوبردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان، خەون و خەیاڵێک بوو کە نەهاتەدی و نە هەرگیز بۆ هیچ کەسیش دێتە دی.
ئێستا کە یادگار و پاشینان و نەوەی شەھیدە سەربەرزە کانی ئەنفال، سەرقاڵی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانن، شکۆدارانە یادی قوربانی و شەهیدەکانمان دەکەینەوە و گرنگە حکومەتی فیدراڵی عێراقیش ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی بەرامبەر بە کەسوکاری قوربانیان جێبەجێ و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە خزمەتی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات و بە ئەرکی خۆی دەزانێت خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیێنێتە هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمەکەمان.
د.جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢١/٨/٢٥