ژنێک بە هاوکاری کەسێکی دیکە مێردەکەی دەکوژێت
ژنێک بە هاوکاری کەسێکی دیکە مێردەکەی دەکوژێت و، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەرزنجەی سەربەبەشی پۆلیسی سەید سادقيش دوو تۆمەتباریان لەسەر كوشتنی ئهو كهسه دەستگیركرد.
له راگهيێندراوێكدا ئهمرۆ شهممه، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند: ڕۆژی 24ی 9ی 2021 ، هاوڵاتییەك سكاڵای لە بنكەی پۆلیسی بەرزنجە تۆماركرد كە ماوەی چەن ڕۆژێكە براكەی دیار نەماوە ، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر لێكۆڵینەوەكان دەستیپێكردوو گومان خرایە سەر ژنی كوژراوەكە و دەستگیركرا.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، راشيگهياند: “دوای لێكۆڵینەوەكان زانرا كە ژنی كوژراوەكە بەهاوكاری كەسێكی تر ئەم تاوانەیان ئەنجامداوەو تەرمەكەیان لە گوندی تاوێرەی سەربە پارێزگای هەڵەبجە بەجێهێشتووە ، بۆیە پۆلیسی سەید سادق گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو تەرمەكەیان گواستەوە بۆ بەشی پزیشكی دادوەری لەپارێزگای هەڵەبجە”.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی،باسی لەوەشکردووە “لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار ( پ ، ح ، م لەدایكبووی 1988 كە هاوسەری كوژراوەكەیە لەگەڵ ح ، خ لەدایكبووی 2001 ) كە هەردوكیان دانیشتوی گوندی مۆریاسی سەربەناحیەی بەرزنجەن ، بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون ولێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا”.
پۆلیسی سلێمانی، رونیشیکردۆتەوە: “جێی ئاماژە بەهۆكاری ئەوەی ڕوداوەكە لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕویداوە دۆسیەكە ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە كراوە بە مەبەستی لێكۆڵینەوی زیاتر”.