ئاسایشی هه‌ولێر ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌سه‌ر گرتن و خۆكوشتنی تۆمه‌تبارێكی مادده‌ی هۆشبه‌ر بڵاو ده‌كاته‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی ده‌ستگیركردن و خۆكوشتنی تۆمه‌تبارێكی مادده‌ی هۆشبه‌ر بڵاو كرده‌وه‌.

 

ئاسایشی هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: لە شەوی (2-3/6/2022) لەلایەن مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان بە تۆمەتی بازرگانیكردن و دابەشكردنی ماددەی هۆشبەر لەسەر بڕیاری (داوەری لێكۆڵینەوە) و بەپێی ماددەی 25 لە یاسای نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، تۆمەتبارێك بەناوی (م.ك.ح) لە شاری هەولێر دەستگیركرا.

 

ڕاشیگه‌یاند: لە ئەنجامی پشكنینی ماڵی ناوبراو توانرا دەست بگیرێت بەسەر دەمانچەیەك و بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر لە جۆرەكانی هیرۆیین و كریستاڵ كە بۆ فرۆشتن ئامادەكرابوون و لەگەڵ چەندین كەرستەی تایبەت بە بازرگانی و كێشانی ماددەی هۆشبەر.

 

ئاسایشی هه‌ولێر هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند: تۆمه‌تباره‌كه‌ لە شەوی (4-5/6/2022) لە ناو بەندیخانە بە مەبەستی خۆكوشتن خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەستداوە، دواتر لەسەر بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادی كرا.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: وەك لای هەمووان ئاشكرایە كە بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن هەر تاكێكی كۆمەڵگه‌ بە یەكێك لە ئافاتە گەورەكانی سەردەم دادەندرێت و بەم هۆیەوە ساڵانە بە هەزاران كەس ژیانیان تێك دەچێت و دووچاری جۆرەها گرفتی دەروونی و خێزانی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دەبنەوە.

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر داواشی لە هاووڵاتییان كرد هەمیشە چاودێری كەسوكاریان بكەن و ئامۆژگارییان بكەن بۆ خۆ بەدوورگرتن لە ماددە هۆشبەرەكان و لە بوونی هەر زانیارییەك ئاگاداری دەزگه‌ ئەمنییەكان بكەنەوە و هاوكار بن.

Back to top button