ئەمڕۆ تەرمی عەلی قازیی محەممەد دەگاتەوە هەولێر .

شوێنی بەخاک ئەسپاردنی بۆ دیاری کراوە
لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردسان ئەمڕۆ تەرمی عەلی قازیی محەممەد دەگاتەوە فڕۆکەخانەی هەولێر و لە لەیەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پیشوازیی لێدەکرێت .
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی : ئەمڕۆ تەرمی عەلی قازی لە ئەڵمانیاوە لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە تەرمی عەلی قازی دەکرێت.
بڕیارە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، تەرمی کوڕی پێشەوا قازیی محەممەد، لە هەولێرەوە بەرەو شارۆچکەی کەلار بەڕێبکرێ و لە گۆڕستانێکی ئەو شارۆچکەیە بە خاک بسپێردرێ.
جێگەی ئاماژەیە بەرپرسانی ئێرانی بنەماڵەی “قازی”یان لە مهاباد ئاگادارکردبووەوە کە نابێ مەراسیمی پرسە بەڕێوە بچێت. ئەو داوایە لە لایەن کەسە نزیکەکانی عەلی قازی قبووڵ نەکرا، هەر بۆیە بڕیار درا لە کەلار بەخاک بسپێردرێ.
عەلی قازی، لە ساڵی 1933 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان له‌دایكبووه‌. لە کاتی رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەددا تەمەنی 13 ساڵ بووە. چەند ساڵێک پاش رووخانی کۆماری کوردستان رووی کردووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێ نیشتەجێ بووه‌.
Back to top button