هەڵمەتێک بۆ داماڵینی چەکی بێمۆڵەت لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی دەستپێدەکات

 

لە لیدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان ، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە هەفتەی چەکداماڵیندا، کە هەفتەیەکی نێودەوڵەتییە، هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت.

 

هێمن میرانی هاوکات ئاماژەی بەوە کرد  پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردراون کە لیژنە ئەمنییەکانیان لەو هەفتەیەدا دەست بە هەڵمەتی فراوانی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت بکەن، ئەوان دەسەڵاتیان پێدراوە لە هەر شوێنێك زانیاری لەسەر چەکی بێ مۆڵەت هەبێت، دەتوانن لیژنە ئەمنییەکانیان راسپێرن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکەکان.

 

سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی :  بازگە و تیمی گەڕۆك لە شوێنە جۆراوجۆرەکان دادەنرێت و، وەزارەتی ناوخۆ سوورە لەسەر ئەوەی، هەڵمەتەکە تەنیا بۆ هەفتەیەك نەبێت و بەڵکو بەردەوام دەبێت.

 

هێمن میرانی راشیگەیاند، بەربڵاوی چەکی بێمۆڵەت دەبێت سنووردار بکرێت.

 

جێگەی ئاماژەیە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لە 30/6/2022، وەزارەتی ناوخۆی راسپارد، هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک. هەمان رۆژ وەزارەتی ناوخۆ لە هەموو شار و شارۆچکەکان هەڵمەتی داخستنی شوێنی چەک فرۆشتن و دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەستپێکرد.

Back to top button