مەسرور بارزانی: حكومەت بۆ دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی هەڵبژاردن ئامادەیە
ئهمڕۆ پێنجشەممە 2/2 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له مایك برایسن ریچاردسن باڵیۆزى بهریتانیا له عێراق كرد.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بە ئاراستەی داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و ڕێکارە یاساییەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە زووترین کات تەواو بکرێن و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن.
باڵیۆزی بەریتانیا هاوڕابوو لە سەر گرنگیی نەهێشتنی هەموو کێشە و ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەمساڵدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاورابوون لە سەر ئەوەی پێویستە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، بە زووترین کات پەسەند بکرێت و ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
هەروەها باڵیۆزی بەریتانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی و پێشخستنی کەرتی وزە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، کە ڕۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.