وتەبێژی بزووتنەوە : هاوکاریکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە جێگەی دەستخۆشی و بەرزنرخاندنە

 

عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان ، هاوکاریکردن و بەهاناوەچونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تیمەکانی فریا گوزاریی و پزیشکی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا  و رۆژئاوای کوردستان بە گرنگ دەزانێت  و گوتی : جێگەی دەستخۆشی و بەرزنرخاندنە

عەبدوڵا وەرتێ، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات ، ئەم رووداوە سرووشتییە ھەستی ھەموو مرۆڤایەتییان بریندار کردووە و ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکانە، ئەوەی لەدەستیان دێت درێخی نەکەن بەرامبەر بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

لە بەشیکی تری قسەکانیدا وەرتێ گوتێ : ”کارەساتی سروشتی ئەگەر لافاو بێت یان بوومەلەرزە و بورکان، لە ئیرادەی مرۆڤدا نیین و ئەگەر کارەساتێکی لەو شێوەیە لە ھەر شوێنێک ڕووبدات، خەڵکی سڤیل ڕووبەڕووی ماڵوێرانی دەبنەوە، بێ گومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارێکی دڵسۆزانەی کردووە، کاتێک بەھانای لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کوردستانی باکوور و ڕۆژئاوا چووە، ئەو ھەنگاوەی حکومەتی ھەرێم بۆ ھەوکاریکردنی لێقەوماوانی ئەو کارەساتە گەورەیە، لە جێگەی خۆیەتی ھەر کوردێک لە ھەر شوێنێک لێی بقەومێت، دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە ھەڵوێستی ھەبێت.“

عەبدوڵا وەرتێ لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەک هەمیشە ، ئەرکێکی شەرعی و نیشتمانیی بەجێ گەیاندووە، کاتێک ھاوکاریی ئەو خەڵکەی کردووە، کە ڕووبەڕووی کارەساتێكی گەورەی دڵتەزێن بوونەتەوە، بۆیە ئەو ھەنگاوە جێگەی دەستخۆشی و بەرز نرخاندنە.

Back to top button