عەلی عەونی: یەكێتی رۆڵی كەری دێز دەگێڕێت كە حەز بەتۆپینی خۆی و زیانی خاوەنەكەی دەكات.
ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ئەو هەڵمەتەی یەکێتی لە دژی هەرێمی کوردستان و بێ ئومێدکردنی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کردووە دەڵێ، هەر كوردێك “شەرەف و غیرەتی” هەبێت، حەز بە بەهێزبوونی قەوارەی هەرێم دەكات، بەڵام یەكێتی رۆڵی كەری دێز دەگێڕێت كە حەز بەتۆپینی خۆی و زیانی خاوەنەكەی دەكات.
عەلی عەونی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، ئەوەی كە حەزی لە رووخانی قەوارەی هەرێمە، دەبێت گومان لە كوردبوونی خۆی هەبێت، هەر كوردێك زەڕەیەك شەرەف و غیرەتی هەبێت، حەز بە بەردەوامی و گەشەسەندن و بەهێزبوونی قەوارەی هەرێم دەكات تا دەگاتە سەربەخۆبوونیش.
راشیگەیاند، ئەو قەوارەیە تەنیا بۆ باشووری كوردستان نییە، بەڵكو جێی ئومێد و هیوای 50 ملیۆن كوردە، قەوارەی هەرێم بە هیمەتی كورد رادەوەستێ، ئەوانەی هیوایان بەو هەرێمە هەیە زۆر زیاترن لەو گەوج و گوجەرانەی كە هیوای نەمانی دەخوازن.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی دەشڵێت:” ئەوانەی چەپڵەی رووخانی هەرێم لێ دەدەن، خۆفرۆشن و غەریبی ژێردەستەی دەسەڵات و پۆستاڵی رژێمی بەعس و عەرەب دەكەن، ئەو رۆڵەی یەكێتیش كە دەیگێڕێت و خراپی دۆخەكە، وەك كەری دێزی لێ هاتووە كە حەز بە تۆپینی خۆی دەكات بۆ ئەوەی زیان لە خاوەنەكەی بدات.