حاكم ئازاد: ئه‌وه‌ی زه‌ڕه‌یه‌ك ئه‌خلاقی سیاسی هه‌بێت پاره ناداته ئه‌و په‌یجانه‌ی رۆژانه دڵی نه‌یارانی كوردستان خۆش ده‌كه‌ن

نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان باس له زۆر و بۆری ئه‌و هه‌موو سایت و په‌یجانه ده‌كات کە له‌لایه‌ن گرووپه سیاسییه‌كانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن به مه‌به‌ستی سیاسی و ئاماژه به‌وه ده‌كات پرۆژه‌یه‌كیان هه‌یه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی میدیاكان.
ماوه‌یه‌كه میدیایه‌كی ئاراسته‌كراوی زۆر له كوردستاندا وه‌ك سه‌پۆرتكراوی پرۆژه‌ی سیاسی كار ده‌كات، به‌شێكی زۆری ئه‌و میدیایانه له سنووری پارێزگای سلێمانی به مه‌به‌ستی به‌لاڕێدابردنی پرسه نه‌ته‌وەیی و نیشتمانییه‌كان رۆژانه هه‌واڵێكی زۆری ناڕاست و سیناریۆی دروستكراو ئاماده ده‌كه‌ن و گرافیك و داتای ناڕاست بۆ پرسه‌كان زیاد ده‌كه‌ن، ئامانج له‌م میدیایانه دروستكردنی رایه‌كه دژی پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، بۆ نموونه، هاندان و ساردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، یان پرسی نه‌وت كه پرسێكی نیشتمانییه، یان هه‌ڵمه‌تی پێچه‌وانه بۆ پارێزگاری له به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، جیا له‌وه‌ش، ئه‌م میدیایانه هه‌ندێك جار رۆڵی هاندان ده‌بینن له ئاراسته‌ی دژایه‌تی و هاندانی خه‌ڵك بۆ بڕیاری حكومه‌ت وه‌ك بابه‌تی پێوه‌ری ئاو و سیسته‌می زیره‌كی كاره‌با. جیا له‌وه‌ش، هاندانی خه‌ڵك بۆ پشتیوانی له نه‌یاران و زه‌قكردنه‌وه‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌نووسی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌وه كه هه‌ر ئه‌وه‌نده دژی كوردستان بێت لێره له رێگای ئه‌و میدیایانه‌وه سپۆنسه‌ری بۆ ده‌كرێت و ده‌كرێته هه‌ڵڵای میدیایی.
حاكم ئازاد حه‌مه‌ئه‌مین، نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌م مه‌ترسییه‌وه زیاتر دوا و گوتی: یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی رۆژنامه‌نووس به‌پێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 1998ـی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسان کە یاسایە و رێنمایی نییه، ئەوەیە کە ده‌بێت هه‌موو رۆژنامه‌نووسێكی پرۆفیشناڵ پابه‌ندیی پێوه بكات له مادده‌ی 4 بڕگه‌ی 8ـدا ده‌ڵێت: ئه‌ركی رۆژنامه‌نووس پشتیوانیكردنه له خه‌باتی گه‌لی كوردستان لە پێناوی به‌دیهێنانی مافه ره‌واكانی گه‌لی كوردستان و له بڕگه‌ی 11ـی هه‌مان ماددەدا دەڵێت: پاراستن و به‌رەوچاكتركردنی پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییەکان، بۆیه ئه‌مه‌ی ده‌كرێت له كوردستان دژی هه‌موو میساقێكی شه‌ره‌فی كاری رۆژنامه‌نووسی و یاساشه. به‌داخه‌وه ده‌نگێك په‌یدا بووه كه ئه‌مه ده‌نگی رۆژنامه‌گه‌ری نییە، به‌ڵكو ده‌نگی پرۆژه‌ی نه‌زۆكی سیاسییە، به‌داخه‌وه ئه‌و میدیایه‌ی كه ئێستا به نه‌زۆكی سیاسی كار ده‌كات، هه‌میشه دژی ئابووری سه‌ربه‌خۆ و پشتیوانی ده‌هۆڵی دووژمن بوون، هه‌ركاتێك خه‌به‌رێك له‌سه‌ر كوردستان به ئاراسته‌ی خراپ هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگوینیان له قڕۆڵی دار دۆزیبێته‌وه، دڵیان پێی خۆشه و هه‌ركاتێك ئاڵنگارییه‌ك بۆ كوردستان بێته پێشه‌وه ئیتر ئه‌وان شاگه‌شكه ده‌بن نازانن چ کارەساتێک له‌و بانگه‌شانه‌یاندا هه‌یه.
گوتیشی: تێ ناگه‌ین بۆ هه‌ندێك له میدیا بوونه‌ته لێده‌ری بالۆره‌ی ناحه‌زان؟، مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ زانیاری، زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ گه‌له‌كۆمه‌كێ و بانگه‌شه‌ی خراپ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌م ئاراسته میدیایه هیچ كاتێك ئاماده نه‌بوون خۆیان تۆمار بكه‌ن و پابه‌ند بن به یاساوە چونكه خۆیان تۆمار نه‌كردووه چونكه نایانه‌وێت رووی راسته‌قینه‌یان ئاشكرا ببێت، ئه‌وانه پرۆژه‌ی ئاراسته‌كراون، پرۆژه‌ی سیاسیی نه‌زۆكن و به‌شێكیان پرۆژه‌ی ئاراسته‌كراوی هه‌رێمین، چونكه ئه‌وه‌ی له هه‌گبه‌ی ئه‌واندایه له هه‌گبه‌ی ناحه‌زانی گه‌لی كوردیشدایه و له‌و بارەیە‌وه خه‌ریكی پرۆژه‌یه‌كین بۆ رێكخستنه‌وه‌ی میدیا و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه نامۆكان و یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئاشكراكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌و جۆره میدیایانه‌یه و ئه‌وه‌ی زه‌ڕه‌یه‌ك ئه‌خلاقی سیاسیی هه‌بێت له كوردستان، ئایا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی پێ خۆش بووه به هه‌ر شكستێك له كوردستان له خزمه‌تی كێدایه، خزمه‌تی كێ ده‌كات، ئه‌مه جگه له پرۆژه ناحه‌زانی كوردستان هیچی تر نییه و زۆر به‌ئاشكرا دیاره.”
رایشیگه‌یاند: كاری راگه‌یاندن به‌شێكه له پرۆژه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌مه ئیلتزامێكی یاساییشی له‌سه‌ره و ده‌بێت له داهاتوو داواكاری گشتی بێته سه‌رخه‌ت له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای خه‌ڵكی كوردستان، بۆیه له داهاتوودا سه‌رجه‌م ئه‌و پرۆژانه‌ی كه فه‌رمی نین و كاری هه‌واڵ و زانیاری ده‌كه‌ن، جیایان ده‌كه‌ینه‌وه له ده‌زگای فه‌رمی و ناوه‌كان به ئاشكرا راده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وانه‌ی تۆمار كراون و ئه‌وانه‌شی تۆمار نه‌كراون بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك باش، بیان ناسێت، ئه‌و پرۆژانه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا ته‌نیا پرۆژه‌ی ناوخۆ نین پرۆژه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیشن.