ئەیاد عەلاوی: من و سەرۆك بارزانی رەتمان كردەوە سەدام وەكوو دیلێك ببینین
ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق ڕایگەیاند، ئەوان و رێبەری کورد، مەسعود بارزانی، كاتی خۆی رەتیان كردووەتەوە سەدام حوسێنی سەركۆماری لێخراوی عێراق وەكوو دیلێك لە گرتووخانە ببین. ئاشکراشی کردووە، پێشنیارێکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، بۆ وەرگرتنی رێبەرایەتیكردنی شیعەکان لە عێراق رەتکردووتەوە و لە وەڵامیاندا گوتوویەتی: ”من عێراقی و عەرەب و عەلمانیم.“
ئەیاد عەللاوی بۆ (شەرق ئەلئەوسەت) رایگەیاندووە، سەرەڕای برینە كەسییەكانی لە ئەنجامی هەوڵی تیرۆرکردنی لەسەر دەستی رژێمی سەدام، بەڵام دوای دەستگیرکردنی، رەتیکردەوە سەردانی سەدام بکات و وەكوو دیلێك بیبینێ، دەشڵێت، كە رێبەری کورد، مەسعود بارزانییش بە هەمان شێوە رەتکردبووەوە سەدام لەو رەوشەدا ببینێت، چونكە خەسڵەتێكی باش نییە مرۆڤ بە ریسوابوونی كەسانی دیكە دڵخۆش بێت.
عەللاوی ئاماژەی بەوەش داوە، کە هەرگیز سەردانی ئێرانی نەکردووە و ڕەتی کردووەتەوە لەدەرەوەی عێراق سواڵ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران بکات.
ئاشکراشی کردووە، کە پێشنیارێکی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، بۆ وەرگرتنی سەرکردایەتیی عەرەبە شیعەکان لە عێراق رەتکردووەتەوە و لە وەڵامدا گوتوویەتی: من عێراقی و عەرەب و عەلمانیم.