مەسعود حەیدەر: بەپێی دەستوور، حكومەتی فیدڕاڵی ناتوانێ ڕاستەوخۆ مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات

دوای ئەوەی یوسف كیلابی، ئەندامی دژەكوردی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ و نەوەی نوێ) واژۆیان لەسەر یاداشتێک کردبوو دیسان وەک یاریکردن بە هەست و سۆزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێیدا داوایان كردبوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە سەر حكومەتی فیدڕاڵی لەکاتێکدا چاوپۆشی لەوەدەکەن کە ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاریکراوە و پەرلەمانیش دەنگی لەسەر داوە بەڵام ئامادەنین بیدەن .

مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی فیدڕاڵی ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجییەکی تر بۆ ھەرێم خەرج بکات. ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا دەبێ لە رێگەی دامودەزگا فەرمییەكانی ھەردوو لاوە بێت کە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵیە.“

دەشڵێت، بە گوێرەی یاسای بودجەى گشتیی 2023، دەبێ حکومەتی فیدراڵی مانگانە 775 ملیار دینار وەك مووچە بۆ ھەرێمی كوردستان خەرج بکات لە رێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە.

ئەوەشی خستۆتەروو”ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، حكومەتی فیدڕاڵی ناتوانێت جێبەجێی بکات، چونکە پێچەوانەی ماددەی 117 و121ى دەستوورە.“

Back to top button