وەزارەتی پەروەردە: پێویستە بە زووترین کات دەست بە دەوامکردن لە ناوەندەکانی خوێندن بکرێتەوە

لە راگەیاندراوێکدا، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەرده‌ دەڵێ، مووچە مافێکی بنەڕەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سوپاسی رۆڵی مامۆستایان دەکات، هەروەها داوا ده‌كات هەر چی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون بكرێته‌وه‌.

لە راگەیاندراوی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە هاتووە: “مووچە مافێکی بنەڕەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەین، هەموو لایەکیش دۆخی دارایی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە دەزانین کە رووبەرووی کوردستان کراوەتەوە، زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردووە، لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە، وەک ئاماژەمان پێدا مووچە مافی بنەڕەتی مامۆستایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستانە لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ.”

ئەوەش هاتووە: “داواکارین کە هەرچی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی رابردوو زیانی هەبووە و هیچ بوارێکمان نییە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە کە بە زووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن.”

Back to top button