برایەكی هاوكار جاف: باوکی ئاکام عومەر دەمکوت کراوە و ناچار كراوە خەڵات لە بكوژانی كوڕەكەی وەربگرێ

برایەكی عەقید هاوكار جاف (ئەو ئەفسەرەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە لە لایەن دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە تیرۆر كرا) ئاشكرای دەكات، باوكی ئاكام عومەر دەمكوت كراوە و ناچار كراوە خەڵات لە بكوژانی كوڕەكەی وەربگرێت.

لەمبارەیەوە محەمەد جاف، برای عەقید هاوکار جاف رایگەیاند، هەموو کەسێک تەحەمولی ئەوە ناکات کە برای، یان باوکی، یان کوڕی بکوژرێ و بچێت لەگەڵ بکوژەکانی ڕۆڵەكەی دابنیشتێت یان کاریان لەگەڵ بکات! ”باوکی شەهید ئاکام بە رێگەی جیاواز دەمکوت کراوە، ئەوانیش فەقیرن و لەم دۆخەدا توانای بەرەنگاریی بکوژەکانیان نییە و ناچار كراوە خەڵات لە بكوژی كوڕەكەی وەربگرێت، بەڵام ئیشاڵا خوا هەقی شەهید ئاکام دەکاتەوە.“

جەختیشی كردەوە: بابەتەکە روون و لەبەر چاوانە، تیرۆرکردنی ئاکام عومەر بە لای سەرانی ئێستای یەکێتیەوە زۆر گرنگ بوو، چونکە بە تیرۆرکردنی ئاکام، مەلەفی هەڵکوتانە سەر ماڵی لاهوور جەنگی و نهێنیی پشت تاوانەكانی دەزگا ئەمنییەکانی یەكێتی کۆتایی پێ هات، لەو پرۆسانەدا هێزەکەی ئاکام لەگەڵیان بوو، واتە ئاکام ئاگای لە هەموو شتێک بوو بەڵام بە تەواوی دەستەمۆی بافڵ تاڵەبانی نەببوو، بۆیە تیرۆریان کرد. هەموان پرسیان کوا ئەو سەیارەی ئاکامی تێدا شەهید بوو؟ وێنەیەکیشی بڵاو نەکرایەوە.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ یەكێتی هیچ هەوڵێكی نەداوە هاوشێوەی بنەماڵەی ئاكام عومەر، سوڵح لەگەڵ ئەوانیش بكات؟ برایەكەی هاوكار جاف دەڵێ: من وەک برای شەهید هاوکار لە سەرەتاوە گوتوومە بە مەرجێک سوڵح دەکەم، کە هاوکاری برام زیندوو ببێتەوە و خۆی سوڵحیان لەگەڵ بکات! هەتا من بژیم سوڵح نییە و و پلە و پۆست و پارەش قەبووڵ ناکەین، پارە مرۆڤ دروست ناکات، بۆیە تا یەک تیرۆریست مابێ، هاوکارمان دەوێت، کاتێک وەهاب هەڵەبجەیی و دارودەستەکەی نەمان، ئەو کاتە بۆچوونمان دەگۆڕێت.

Back to top button