پێشەوا هەورامانی: دەبێت ئێران بزانێت هەرێمی کوردستان رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق هەیە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی رووسیا ئەلیەوم رایگەیاند، تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوورە لە راستی و بێ بنەمایە، چونکە بۆردومانی ئەو شوێنانەی کردووە کە گوایە بارەگای مۆسادی ئیسرائیلییە،  بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق هاتە شوێنی رووداوەکە و راستییەکانی بۆ دەرکەوت و گوتی: ئەوشوێنە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانە.

هەورامانی گوتیشی: ئەو منداڵەی کە لە بۆردومانەکە شەهید بووە ئەوە ئەفسەری مۆسادە؟، ئایا ئەو منداڵە تاوانی چییە؟ کە بە مووشەکی بالیستی ئێران خۆی خێزانەکەی شەهید بکرێن، کە لە خێزانێکی ناسراوی شاری هەولێرن. کە لە سیاسیەتیش نزیک نەبووەتەوە، تەنها رۆلی کاری خێری هەبووە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان هەمیشە لەم ناوچەیەدا هەوڵی سەقامگیری داوە، وە بەشێک نەبووە لە کیشەکانی ناوچەکە، هەروەها ئەگەر کێشەیەک هەبووبێت هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە رۆلێکی ئەرێنی ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و لایەنەکانی لێک نزیک کردووەتەوە، پێشمان وایە مووشەک کێشەکان چارەسەر ناکات.

دەشڵێت: هەرێمی کوردستان خۆی رادەست ناکات و قبولیش ناکات ئیرادەی بشکێندرێت، مێژووش ئەوەمان پێدەڵێت کە زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەرێگەی چەکی کیمیاوی هەوڵی کۆمەڵکوژی کوردەکانییان داوە، دواتر بەخۆیان لەناوچوون و کوردەکانیش لەناو نەچوون.

سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێران گوتی: بەرپرسی یەکەم حکومەتی عێراقییە کە دەبێت وەڵامی ئێران بداتەوە، چونکە ئەوە روونە کە سەرەوەری عێراقی پێشێل کردووە، هەروەها هیچ کەسێکیش رازی نابێت بەمووشەک هێرش بکرێتە سەر دراوسێکەی، کە چەندین وڵات هەیە چەکیان هێندەی عێراق نییە، ئینجا جگە لە هەندێک لێدوان زیاتر هیچمان نەبینی.

Back to top button