روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە لەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان روونكردنەوە لەسەر هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر دەدات و رای دەگەیەنێت، لەگەڵ ئاسایبوونەوەی دۆخەكە بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا دەست پێ دەكاتەوە.
لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هاتووە، تیمەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر سەرقاڵی چارەسەركردنی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازن، دوای ئەوەی شەوی رابردوو (25)ی كانوونی دووەم بەهۆی هێرشێكی درۆنی بۆ سەر كێڵگەكە ئاگر كەوتەوە.
باس لەوەش كراوە، خۆشبەختانە هێرشەكە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانێكی ماددی لێكەوتەوە. بەم هۆیەشەوە لە سەعات (10)ی دوێنێ شەوەوە هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی 2800 میگاوات كارەبا راگیراوە و زیانی گەورەی بە هاووڵاتییانی كوردستان گەیاندووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاووڵاتییان دڵنیا دەكاتەوە لەگەڵ ئاسایبوونەوەی دۆخەكە بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا دەست پێ دەكاتەوە .