ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی تێدەپەڕێت،

ئيدريس بارزانى له‌ مانگى ئادارى 1944 له‌ ناوچه‌ى بارزان له‌دايكبووە. کاتێک ته‌مه‌نى گه‌يشته‌ دوو ساڵ، مسته‌فا بارزانى باوكى، روويكرده‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و به‌ مه‌به‌ستى پشتيوانيكردن له‌ جوڵانه‌وه‌ى كورد و كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد ده‌ستی به‌ خه‌بات كرد.

دواى پيلانگێڕى دژى كۆمارى كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپای شاى ئێران بۆ كۆمارى كوردستان، مسته‌فا بارزانى و ده‌يان پێشمه‌رگه‌ى كوردستان روويانكرده‌ يه‌كێتى سۆڤيه‌تى جاران و خێزان و ژن و منداڵه‌كانيش به‌ ياوه‌رى شێخ ئه‌حمه‌د بارزانى، براى گه‌وره‌ى مسته‌فا بارزانى لەپێناو پاراستنى گيانى منداڵ و ژنانى كورد، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و ئيدريس بارزانيش كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نى سێ ساڵ بوو، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق و له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتى پادشايى عێراقه‌وه‌ بۆ شاره‌كانى باشوورى وڵات راگوێزران.

له‌ ته‌مه‌نى شه‌ش ساڵيدا، ئيدريس بارزانى له‌ شارى كه‌ربه‌لا چووه‌ به‌ر خوێندن و تا رووخانى ده‌سه‌ڵاتى پادشايى له‌ عێراق و هاتنه‌سه‌ركارى دەسەڵاتی كۆماری به‌ سەرۆکایەتی عه‌بدولكه‌ريم قاسم له‌ 1958، ئيدريس بارزانى له‌ ديدارى باوكى بێبه‌ش بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا مسته‌فا بارزانى و ياوه‌رانى له‌ سۆڤيه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌ و دواى دابڕانێكى زۆر، ماڵباته‌كه‌يان به‌يه‌ك شادبوونه‌وه‌.

دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى له‌ يه‌كێتى سۆڤيه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى ئه‌يلوول له‌ 1961ـدا، ئيدريس بارزانى له‌ ده‌سته‌ يه‌كه‌مه‌كانى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بوو، كه‌ په‌يوه‌نديان به‌ ريزى شۆڕشه‌وه‌ كرد و چه‌كى تێكۆشانى هەڵگرت و شانبه‌شانى پێشمه‌رگه‌ به‌شدارى له‌ داستان و سه‌ركه‌وتنه‌كانى شۆڕشدا كرد.

له‌ سه‌روبه‌ندى نسكۆى شۆڕشدا ئيدريس بارزانى به‌ ياوه‌رى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، هه‌ر زوو هه‌وڵه‌كانى خسته‌وه‌گه‌ڕ بۆ بنياتنانه‌وه‌ى ژێرخانى رێكخستنى پارتى ديموكراتى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ده‌ستى به‌ چالاكى كرده‌وه‌. له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رييه‌، له‌ كۆتايى 1986ـدا، بناغه‌ى به‌ره‌ى كوردستانى دانرا و له‌ مانگى حوزه‌يرانى 1988ـدا وه‌ك هێزێكى نوێ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسىی كوردستان به‌ره‌ى كوردستانى راگه‌يه‌ندرا.

ئيدريس بارزانى له‌ مێژووى بزاڤى رزگاريخوازى نه‌ته‌وه‌ييدا، به‌ ئه‌ندازيارى ئاشته‌وايى نيشتمانى ناوده‌برێت، هاوكات له‌ گۆڕه‌پانى سياسى عێراقيدا و له‌ ناو به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقدا، به‌ كه‌سايه‌تييه‌كى ديار و كاريگه‌ر هه‌ژمار ده‌كرا، له‌ كۆنگره‌ى به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقىش، كه‌ له‌ تاران سازكرا، بانگه‌وازیی بۆ يه‌كخستنى تواناى به‌رهه‌ڵستكاران بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى رژێمى به‌عس خسته‌ڕوو.

ئيدريس بارزانى لە رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی 1987، به‌ هۆى نه‌خۆشييه‌كى كتوپڕه‌وه‌ كۆچى دواييكرد، له‌ شارۆچكه‌ى سلیڤاناى سه‌ر به‌ پارێزگاى ورمێى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌خاكسپێردرا. دواى راپه‌ڕينى ئازارى 1991 و رزگاركردنى به‌شێكى زۆرى خاكى كوردستان، له‌ 6ـى تشرينى يه‌كه‌می 1993 ته‌رمى هه‌ريه‌ك له‌ مسته‌فا بارزانى، رابه‌رى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و ئيدريس بارزانى، سه‌ركرده‌ى ديارى بزووتنه‌وه‌ى رزگاريخوازى كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ به‌ مه‌راسيمى جه‌ماوه‌رى به‌رفراوان هێندرانه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ شوێنى له‌دايكبوونيان و له‌ ناوچه‌ى بارزان بە خاك سپێردران‌.

سەرۆک بارزانی دەرباری ئیدریس بارزانی لە یاداشتێکدا نووسیویەتی “کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتووییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆی نەرمونیانییەکەشی”.

ئیدریس، کوڕی گەورەی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لە دایکبوو. لە نێو ھەلومەرجی شۆڕشی سێیەمی بارزان (1943 – 1945) ھاتووه‌تە سه‌ردنیا. ساڵی 1947 مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ 500 کەس لە ھەڤاڵانی رەوانەی یەکێتیی سۆڤیەتی دەبن. کاک ئیدریس ئەوکات تەمەنی چوار ساڵان دەبێت، لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا لە لایەن رژێمی ئەو کاتی عێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ بۆ باشووری عێراق دووردەخرێنەوە و لە شارەکانی بەسرە، مووسڵ و بەغدا تووشی ژیانێکی پڕئەستەم دەبن. ئیدریس تا گەڕانەوەی بارزانی نەمر بۆ عێراق و کوردستان لە 1958دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی، له‌ به‌رگی چواره‌می کتێبی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد – شۆڕشی گوڵان”، ستایشی ئیدریس بارزانی ده‌کات و دەڵێ، “کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆی نەرمونیانییەکەشی”.

سه‌رۆک بارزانی له‌ کتێبه‌که‌یدا بۆ کاک ئیدریس نووسیویه‌تی: “کەسێکی لەخۆبوردوو و خاکی بوو، لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەکردنەوە نەدەکردەوە، زۆر جار خەڵکی ئاسایی و هەژاری بە ئەندامێکی خێزانەکەی دەزانی، هەستکردن بە کەموکورتیی لای بەرانبەر دەڕەواندەوە”

له‌ گێڕانه‌وه‌ی یادی کاک ئیدریس بارزانی باسی هه‌ستی هاوکارییه‌که‌ی کردووه‌، که‌ “ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کاک ئیدریس جێی خۆی لە دڵی خەڵک و هەموو چین و توێژەکاندا بکاتەوە و بە پشتوپەنا و فریادڕەسی خۆیانی بزانن”.

سه‌رۆک بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدەکات، “سەرەڕای هەموو ئەو مەترسییانەی هەبوون، زۆر جار کاک ئیدریس بریندار و پێشمەرگەی لە ماڵی خۆی دەپاراستن و بۆ چارەسەرکردنیشیان لەسەر ئەرکی خۆی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەکردن”.

لەبارەی هەوڵەکانیەوە بۆ ئاشتەوایی سەرۆک بارزانی دەڵێ، ” کاک ئیدریس بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا.”

لەبارەی دەستپێکردنەوەی شۆرشی چەکداری دوای نسکۆی 1975 سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: “کاک ئیدریس لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی 1975، بەگیانی پێشکەوتن و داهێنان و بە رەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد. ئەم نسکۆیە هەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر رووداوەکاندا کاری دەکرد. لە هەرشوێنێک بوایە، کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و هیوا و ئومێدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە”.

Back to top button