باسکردنی پڕۆژەی سەرۆک بارزانی بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرایەکی یەکگرتووی کوردستانی گەیاندرایە کوردانی ئەمریکا

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی ١ی ٢٠٢٤ بۆ بەسەرکردنەوەی ڕەوەندی کوردستانی و ئەنجامدانی هەندێ دیدار تایبەت بە باسکردنی پڕۆژەی جەنابی سەرۆک بارزانی و بۆ دامەزراندنی دیاسپۆرایەکی یەکگرتووی کوردستانی، بەڕێز شفا بارزانی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی بە یاوەری وەفدێک لە نوسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی و کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی ئەمریکا شاری نەشڤیلی کرد.

لە سەردانەکەیدا بەڕێزیان لەگەڵ ڕایەدارانی ئەمریکی و دۆستانی کورد لە ئەمریکا، سیناتۆر جەک جانسۆن سەرۆکی زۆرایەتی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، سیتفەن مانیسفێلد نوسەری پەرتوکی موعجیزەی کوردەکان، و جنێراڵی خانەنشین جێف داڤیسۆن بەرپرسی میحوەری کوردستان لە شەڕی ئازادی عێراق کۆبووەنەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا باسی بارودۆخی ئێستا هەرێمی کوردستان و هەڕەشەکانی بەردەم سەقامگیری ناوچەکە کرا و داوا لەو بەڕێزانە کرا کە دەسەڵات و پەیوەندییەکانییان بەکار بێنن بۆ ئەوەی ئەمریکا وەک دۆستی کورد پشت لە کورد نەکات و پارێزگاری و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، هەر وەک چۆن ئێمە دۆستی ئەمریکاین و لە شەڕی ئازادی عێراق پێکەوە خوێنمان ڕژاوە، ئەمریکاش دۆستی ڕاستەقیینەی کوردستان و خەڵکەکەی بێت و لە تەنگانەدا لەگەڵیان بوەستێت.

بە گوێرەی زانیاریی لە نێوان ٢٥٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠٠ کوردستانی لە ناشڤیل دەژین. بەڵام کورد لەوێ پەرت و بڵاوە، بۆیە بەشێک لە دیدارەکان تایبەت کران بۆ سەردانی ئەو ناوەند و سەنتەرە کوردییانەی کە لەوێ هەن، بۆ ئەوەی هەوڵی یەکخستنیان بدرێت. وەک:

مزگەوتی کوردانی ناشڤیل، سەنتەری سەلاحەددین ئەیوبی، ئەنجومەنی کوردانی ناشڤیل.

هەروەها بە هاوڕێیەتی بەڕێز حیکمەت بامەڕنی بەرپرسی لقی ٧ی ئەمریکا، وەفدەکە بەشداری کرد لە پرسەی ٣ سێ بنەماڵەی کوردی دانیشتووی ناشڤیل.

1. سەید نایف پ.م شۆڕشی ئەیلول و گوڵان.

2. سەبری نزدوری.

3. دێوالی بەندی دۆسکی.

شایانی باسە دیدارەکان بەردەوام دەبن، و ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی٢ی ٢٠٢٤ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەری بۆ بەڕێز شفا بارزانی لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەوەی هانی کوردستانیان بدرێت بێنە پاڵ کۆنفدراسیۆن و بەیەکەوە کار بکەن، بۆ پشتگیری ڕەوەندی کوردی لە ئەمریکا و پاڵپشتی کردنی دۆزی ڕەوای نەتەوەییمان لە کوردستان.

لە ڕۆژانی داهاتوودا چەند دیدارێک لە ناشڤیل و دواتر لە شاری دیترۆیت لە میشیگال ئەنجام دەدرێن و بڕیار وایە تا ١٢ی ٤ لە ئەمریکا بمێننەوە.

Back to top button