راگەیاندراوێك لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی كۆبوویەوە. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوە، تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بوو كە لە رۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024 دەرچوون.

دەقی راگەیاندراوەکە:

سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە، مەكتەبی سیاسی پارتیمان رۆژی پێنجشەممە 22ی شوباتی 2024 بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی كۆبوویەوە. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوە، تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بوو كە لە رۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024 دەرچوون.

ئەم بڕیارانە پێچەوانەی رۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون.

لەسەر ئەم تەوەرە، مەكتەبی سیاسی پارتیمان جەخت لەم خاڵانە دەكاتەوە:

1. داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداری و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.

2. پارتیمان پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تا وەكو لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور، بەردەوام بێت.

3. بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1) ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

22ی شوباتی 2024

Back to top button