پارێزگای هەولێر: لەکۆی 4 هەزار دوکان 227 دوکان سووتاون، و 132 کەسیش برینداربوون
پارێزگای ههولێر لهبارهی سووتانی بازاڕی قهیسهری ههولێر راگهیاندراوێكی بڵاو كردهوه و تیایدا هاتووه، دوای ئەوەی شەوی رابردوو 2024.5.5، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، دواى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە لێژنەیەکى تایبەت بە خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا و بەپێى دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگاى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، سوپاس بۆ خودا لە روودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی دارایی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغێەکى زۆرى هاووڵاتییان لە شوێنى رووداوەکە، (132) کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە (117) كەسيان چارەسەرکران و (15) كەسى تريشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.
هاوكات ئاماژه بۆ ئهوهش كراوه، وێڕای دەستخۆشیمان لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامییەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، ژینگە پارێزى) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕهکە، هاووڵاتینی شارى هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەم نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.