جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكومەت دەنگۆیەک لە بارەی هەژماری من بە درۆ دەخاتەوە

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو هەڵمەتێکی چەواشەکاری لە میدیاکانی سلێمانی دژ هەژماری من بەڕێوەچوو، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت وەڵامی ئەو میدیا چەواشەکارانە دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، هیچ گرێبەستێكی نهێنی و شاراوە بە فەرمانبەر واژوو نەکراوە.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی كردووەتەوە، لە پڕۆژەی هەژماری مندا هیچ بڕە پارەیەك لە هەژمارەكەتدا نابڕدرێت. هاوكات ئاماژەیشی داوە، هیچ سنوورێكیش نییە لەسەر بڕی راكێشراوی پارەكەت. هەروەها هیچ گرێبەستێكی نهێنی و شاراوەت پێ واژوو ناكرێت”.

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى کوردستان دەشڵێت “هەر لایەنێک بانگەشەی پێچەوانەی ئەم ڕاستییانە دەکات بەدوای سەرلێشێواندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستە.”

لە كۆتاییشدا بۆ دڵنیایی رەهای فەرمانبەران، ئەم بەرپرسە حكوومییە نووسیوویەتی، پێویست بە بڵاوكردنەوەی زانیاریی نادروست ناكات، ئێمە لێرەین، پرسیارەکانتان ئاراستەی ئێمە بکەن بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان.

Back to top button