مەسرور بارزانی: هیوادارین حكومەتی فیدڕاڵی یارمەتی ئێمە بدات، ئەو كارانەی لێرە كردوومانە، لە شوێنەكانی تر دووبارە ببنەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تیابەت لە سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی باس لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلێکدا لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند: “ئەمە چەند ساڵێكە گۆڕانكارییەكی خێرا لە كەشوهەوادا هەیە و ژینگە بۆ زۆر خەڵك لە زۆر ناوچەكان ئەستەمە تێیدا بژین. گۆڕانكاری دیمۆگرافی لە زۆر لەو ناوچانە ڕوویانداوە یانیش روودەدەن، ئەگەر چارەسەری خێرا بۆ ئەم جۆرە كێشانە نەدۆزرێتەوە.”
ئاماژەی بەوەشدا: “لەسەر ئاستی جیهان دەبێت ڕووبەڕووی ئەم جۆرە كێشانە ببنەوە، چونكە بابەتی ژینگە كێشەیەك نییە كە تەنیا پەیوەست بێت بە ناوچەیەكی تایبەتەوە، لەوانەیە لە ناوچەیەكی تایبەت گرفت بۆ خەڵكانێك دروست بكات، بەڵام كۆچی ئەم خەڵكە دەتوانێت گرفت بۆ ناوچەیەكی تر دروست بكات. ئەمە كێشەیەكی تێكەڵە و دەبێ چارەسەرێكی تێكەڵیشی بۆ بدۆزرێتەوە.”
هەروەها گوتیشی: “ئێمە لە هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە هەستمان بەو مەترسییە كردووە و كاریشمان كردووە. بۆ نموونە بابەتی دروستكردنی پۆند یان بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاو و بەفیڕۆنەدانی ئاو، ژیاندنەوەی دارستانەكان لە كوردستان هەنگاوی باشمان هاویشتووە. لە رووی وزە، دەتوانم بڵێم كە كوردستان یەكەم شوێنە لە عێراق كە غازی بەفیڕۆدراو ئێستا لە كوردستان وەردەگیرێتەوە لە هەندێك شوێن، لە هەندێك شوێنیش بەرنامەی ترمان هەیە كە هەموو ئەو غازە وەربگیرێتەوە و بكرێتەوە بە وزە و بەكار بهێندرێتەوە لە جیاتی ئەوەی ژینگە پیس بكات یاخود بەفیڕۆ بڕوات.”
سەرۆکی حکومەت روونیشیکردەوە: “لە كوردستان ئێمە هەندێك لەو هەنگاوانەمان هاوشێتووە و پێویستە شتی تریش ئەنجام بدەین، بەڵام زۆر لەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیمكانیاتانەی كە لەبەر دەستن، پێویستە حكومەتی فیدڕاڵی بە ئەركی مێژوویی خۆی هەڵبستێت، ئەو ئیمكانیاتانەی كە لەبەردەستی حكومەتی فیدڕاڵییە، لەو شوێنانە تەرخان بكات و وەبەرهێنانی تێدا بكات كە گونجاوە بۆ ژیاندنەوەی سرووشتی ناوچەكە. كوردستان گونجاوە لە زۆر رووەوە، دەكرێ زۆر بەنداو لە كوردستان دروست بكرێ، دەكرێ بابەتی ژیاندنەوەی دارستان لە كوردستانەوە پەرەی پێ بدرێ وردە وردە بەرەو شوێنەكانی تری عێراق بڕوا.”
جەختیشی کردەوە: “لە خودی ناوچەكانی تری عێراقیش پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر بكرێت. من گوێم لێ بوو ئێوە باسی رەقەمێكی زۆر گەورەتان كرد كە دەبێ ئەو بڕە پارەیە تەرخان بكرێ، بەڵام ئەمە زەروورەتێكە و دەبێ ئەو شتە بكرێت، بۆ ئەوەی خەڵك لە ناوچەیەكەوە كۆچ نەكات بۆ ناوچەیەكی تر. لە هەرێمی كوردستان ئەوەی لەسەر ئێمە بووە كردوومانە، من ناڵێم هەموو شتەكان كراوە، بەڵام هەنگاوی پێویست هاوێژراوە، ئەوەی لەبەر دەستمان بووە كردوومانە، ئەگەر توانای زیاتر هەبێ، هەماهەنگی و تێگەیشتنێكی باشتر لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی هەبێت، پێموایە دەتوانین هەنگاوی زۆر باشتریش بهاوێژین.”