مەسرور بارزانی ساڵیادی دامەزراندن لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پیرۆز دەکات: مێژوویەکی پڕشنگداری هەیە

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکات و دەڵێت، “بە ڕێز و پێزانینینەوە لە ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی کوردستان لە پەروەردەکردن و فێرکردنی نەوەکانماندا دەڕوانین”.

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەت :

بەبۆنەی شەست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم .

یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە سەردەمێکی سەختدا دامەزراو مێژوویەکی پڕشنگداری لە خەباتی ڕێکخراوەیی و پیشەیی و داکۆکیکردن لە ماف وداخوازییەکانی مامۆستایانی کوردستان و بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستاندا هەیە و بە ڕێز و پێزانینینەوە لە ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی کوردستان لە پەروەردەکردن و فێرکردنی نەوەکانماندا دەڕوانین.

هیوادارم مامۆستایانی كوردستان ، بەردەوام بن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان لە پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و پێگەیاندنی قوتابیان و نەوەکانمان لە سەر پەروەردەیەکی ڕاست و داهێنەرانە و خۆشویستنی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024/5/15

Back to top button