ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ داوای هاوكاری لە بارزانی دەكات
خواكوڕك
بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگر و سەرۆكی ئەنجوومەنەكە كۆبۆتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ داوای هاوكاری لە بارزانی كردووە،
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، ڕۆژی شەممە 1ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كۆبۆوە، لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگر و نوێنەرانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا پێزانینی خۆیان بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی ناوچەكانیان نیشان دا و سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی سەرۆك بارزانیان كرد لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی داعش. ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە جێگیركردنی مافی پێكهاتەكان و پاراستنیان. هەروەها سوپاسی حكوومەت و خەڵكی كوردستان و دەزگەی خێرخوازیی بارزانیان كرد كە یارمەتیی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماوی پارێزگای موسڵیان داوە. ئەوەیشیان خستەڕوو كە ئاساییش و سەقامگیری و بووژانەوەی نەینەوا و هەرێم كاریگەریی لەسەر یەكتری هەیە و بۆیە دەبێ لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە لە پاڵپشتیی خۆی بۆ پارێزگای نەینەوا بەردەوام بێت و وێڕای ئاماژەدان بەو زیانانەی كە لە ئەنجامی شەڕ بەر ژێرخانی شاری موسڵ كەوتووە گلەیی ئەوەیشیان لە بەغدا كرد كە لە یارمەتیدانی خەڵك و ئیدارەی موسڵ كەمتەرخەمە، هەر لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی پێكهاتەی مەسیحی و ئێزیدی و توركمان و شەبەك و عەرەبی پارێزگای موسڵ تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان لەبارەی بارودۆخی پارێزگای نەینەوا خستەڕوو”.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نوێنەری شەرعیی دانیشتوانی نەینەوان ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئاگاداری ئازار و ڕەنجی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوایە و یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی وەسف كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا لە یارمەتیدانی ئاوارەكان كەمترخەم بووە. ڕۆشناییشی خستەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدان و گەشەی داعش لەو پارێزگایە و باسی لەو زیانە مرۆیی و ماددی و ئەو تەحەدیاتانە كرد كە لە ئەنجامی پەلاماری داعش ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان ناتوانێ بەرانبەر ئاییندەی موسڵ تەماشاگەر بێت و پێویستە لە دواڕۆژی پێكهاتەكان و پارێزگای نەینەوا و ئاساییشی هەرێم دڵنیا بین و چیتر ڕێگە نەدرێت كارەسات و هەڕەشەكان دووبارە ببنەوە.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان ڕوونكردەوە كە قۆناغی دوای داعش بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و بۆ ڕێگەگرتن لە قووڵبوونەوەی كێشەكان پێویستە خەڵكی خۆجێیی پارێزگا خۆیان بەڕێوە ببەن و بشتوانن خۆیان بپارێزن. تەئكیدی لە سیاسەتی گشتیی هەرێمی كوردستانیش كردەوە كە دژی هەر كەس و لایەنێك بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و تاییفی دەوەستێت كە هاودەست و هاوكاری داعش بووە و چاوپۆشی لە تاوانەكانیان ناكرێت، لە هەمانكاتدا پشتیوانی خەڵكی سڤیل و ئەو لایەنانەن كە هیچ پەیوەندییەكیان بە داعشەوە نەبووە.