بە پشتیوانی کابینەی نۆیەم، سەنتەری دڵ لە هەولێر نوێترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش دەکات
سەنتەری دڵ لە هەولێر وەک یەکێک لە باشترین سەنتەرەکانی چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ، جێگای بایەخی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
لە سەنتەری دڵ لە شاری هەولێر، ژمارەی قەرەوێلەکانی لە 52 قەرەوێلەوە کراوەتە 140 قەرەوێلە و بەشی تایبەت بە منداڵان و سیستەمی ریسایکلینی ئاو، کۆگای سەردەمییانە و چەندین بەشی نوێی بۆ زیاد کراوە؛ هەروەها 75%ی کارەبای بەکارهاتووی سەنتەرەکە لە وزەی خۆرەوە بەرهەم دەهێنرێت.
شوان عوسمان، سەرۆکی بەشی قەستەرە و نەخۆشییەکانی دڵ رایگهیاند: “لە پێشتردا تەنها یەک راوێژکاری نەخۆشیەکانی دڵ و یەک سۆنەری دڵ هەبوو، لە ئێستادا کراوەتە سێ راوێژکار و سێ سۆنەری دڵ؛ بەم هۆیەوە رۆژانە دەتوانین پشکنین و سۆنەری دڵ بۆ 150 نەخۆش بکەین”.
لە سەرانسەری عێراق نەخۆش سەردانی سەنتەری دڵ دەکات. لە 10 مانگی رابردووی ئەمساڵ، زیاتر لە 80 هەزار نەخۆش سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە و 1287 نەشتەرگەری کردنەوەی سینگ ئەنجام دراوە، کە لە 41% یان دانیشتووی هەرێمی کوردستان نین.
هەروەها نزیکەی 4 هەزار شەبەکە و باڵۆن دانراون.
لە ئێستادا سەنتەرەکە خاوەن کۆگایەکی گەورەیە کە کەلوپەلی پێویست بۆ ماوەی 6 مانگی ئاییندە بەردەستە و دەیان ئامێری پێشکەوتووی بۆ دابین کراوە، کە لە عێراق و ناوچەکە نموونەیین.
سەنتەرەکە 24 کاتژمێر کراوەیە و دەیان پزیشک و کارمەندی تەندروستی شارەزا کاری تێدا دەکەن؛ تێچووی چارەسەریش بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان 80% کەمترە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆری بە كەرتی تەندروستی داوە و بەردەوامە لە بەرەوپێشبردن و فراوانكردنی ئەم کەرتە؛ لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر و کەمکردنەوەی بارگرانی ماددی لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.