د. بەشیر حەداد بۆ لەتیف نێروەیی: پارتی رێڕەوی حوكمڕانی لە كوردستان راست دەكاتەوە و دووبڕیاری ناهێڵێت

جێگری پێشووتری سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت كە پارتی مكووڕە لەسەر راستكردنەوەی ئەو رێڕەوی حوكمڕانییەی كە رێگرە لەوەی كوردستان ببێتە خاوەن یەك بڕیار.

دوای ئەوەی لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بانگەشەی ئەوەی كرد گوایە حزبەكەی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا راست دەكاتەوە! لە كاتێكدا ئەگەر خوارییەك لە رێڕەوی حوكمڕانی كوردستاندا هەبێت، ئەوا بەهۆی ئەو كارە چەوتانەیە كە حزبەكەی لەتیف نێروەییە لە سلێمانی.

لە بەرامبەردا د. به‌شیر حه‌داد، جێگری پێشووتری سه‌رۆكی ئەنجوومەنی نوێنه‌رانی عێراق، گوتی: “بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست ناسه‌قامگیر و ئاڵۆزه،‌ ئێمه‌ ئێستا ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمانه‌، كه‌ كوردستان له‌م ناسه‌قامیرییه‌ پارێزراو بێت، بۆیه‌ له‌ هه‌موو كات پێویستترە كه‌ گرفته‌كانمان وه‌لا بنێین و ده‌ست بكه‌ین به‌ گفتوگۆی چڕ. خۆشبەختانە ئه‌م هەڵبژاردنه‌ به‌ سەلامه‌تی تێپه‌ڕی و زمانی هه‌ڵمه‌ت گۆڕاوه‌ بۆ گفتوگۆ و ده‌بێت ئه‌م شێوازه‌ له‌لایه‌ن هه‌مووانەوە به‌رده‌وام بێت، ئه‌وانه‌ی كورسییان هێناوه‌ و ئه‌وانه‌ی كورسییان نه‌هێناوه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك ده‌ستبار بن به‌ سه‌لامه‌تی ده‌ربچین و لایه‌نه‌كان گفتوگۆكان چڕ بكه‌نه‌وه‌ و حكومه‌ت بكه‌وێته‌ سه‌ر ئیش و كارەكانی.“

ئاشکراشی کرد: ”له‌ هه‌موو دونیا وایه‌، براوه‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی گه‌وره‌ و گۆڕانكاری له‌سه‌ر شانه‌، به‌و پێیە‌ی پارتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ براوه‌ی یه‌كه‌م بوو، بۆیه‌ به‌رپرسیارییه‌تی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی و كاریزمازیی سه‌رۆك بارزانی وا ده‌خوازێت كه‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌وڵ بدرێت گۆڕانكاری ئەرێنی بكرێت، له‌وانه‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی یه‌كگرتوو و یه‌ك په‌رله‌مان و یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ و یه‌ك سیسته‌می حوكمڕانی هه‌بێت، بۆیه‌ به‌رپرسیارییه‌تی پارتی گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێت رێڕه‌وی حوكمڕانی راست بكرێتەوە و بخرێته‌وه‌ سه‌ر رێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی خۆی، کە ئه‌مه‌ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ كه‌ له ‌1992وه‌ هاتووه‌. ئه‌ركی پارتییه‌ له‌م قۆناغه‌ ئه‌م رێڕه‌وه‌ حوكمڕانییه‌ راست بكاته‌وه‌ و حزبه‌كان ده‌بێت به ‌شێوازی كاری خۆیاندا بچنه‌وه‌.“

د. بەشیر روونیشیکردەوە، ”راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م رێڕه‌وه‌ گرنگه‌، یه‌ك هه‌رێم و یه‌ك حكومه‌ت، ئه‌وه‌‌ی كه‌ ناكرێت له‌ هه‌ولێر و دهۆك بڕیارێك بدرێت، له‌ سلێمانی بڕیارێكی دیكه‌، ناكرێت تۆ به ‌شێوه‌یه‌ك قسه‌ بكه‌یت وابزانی به‌رپرسیارییەتیت نییه‌، كه‌چی نیوه‌ی حكومەتت له‌به‌رده‌ستدا بێت. ده‌بێت پارتی ئه‌مه‌ راست بكاته‌وه.“

Back to top button