مەریوان قەرەنی: عێراق بە دەستبردن بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان كورتهێنان پڕ دەكاتەوە

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، نرخی نەوت دابەزیوە، عێراق لە جیاتی یەدەگی بانكی ناوەندی، بە دەستبردن بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان كورتهێنانەكەی پڕ دەكاتەوە.

ناوبراو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: لە 22ی نیسانی 2025ـەوە كە زیاتر لە 15 رۆژ دەكات، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستانی ئاراستەی حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق كردووە، كەچی بەداخەوە تا كۆتایی دەوامی رۆژی پێنجشەممە 8ی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی عێراق نەك هەر هیچ بڕەپارەیەكی بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی كوردستان نەنارد، بەڵكو نووسراوی خەرجكردنی پارەی مووچەش لە لایەن وەزارەتی داراییەوە واژۆ نەكرا كە ئەمە جێی نیگەرانییەكی زۆرە.

هەروەها نووسیویشیەتی: خۆ ئێمە دەزانین كە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق مووچەخۆرانی كوردستان بە هاووڵاتی عێراقی نازانن، بۆیە هەر كاتێك حەزیان لێی كرد، بە ئارەزووی خۆیان مووچەی خەڵكی كوردستان دوادەخەن، بەڵام وادیارە كە لە عێراقدا هیچ بەها و رێزێك بۆ دامەزراوەكانی خودی ئەو وڵاتەش نەماوە و حكومەتی فیدڕاڵی ڕێز لە بڕیاری دادگای ئیتیحادی عێراق ناگرێت، ئەگینا خۆ بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی روون بوو كە دەبێت مانگانە هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانیش دابەش بكرێت. ئەرێ گەلۆ، ئێستا كە لە عێراقدا مووچەی خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ مانگی پێنج دابەش دەكرێت، كەچی هێشتا مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی كوردستان نەدراوە، ئەمە وەك یەك دابەشكردنە؟

روونیشیکردەوە: بەداخەوە هەندێك كەس لە هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی نۆكەرایەتییان بۆ عێراق، پاساوی جۆراوجۆر بۆ دواخستنی مووچە لە لایەن بەغدا دەهێننەوە، هەندێك باسی داهاتی ناوخۆ یان بابەتی دیكە دەكەن، لە كاتێكدا هەموو ئەم پاساوانە درۆ و دەلەسەن، بەڵكوو حەقیقەتەكە ئەوەیە كە عێراق پێی حەیفە مووچە بۆ خەڵكی كوردستان بنێرێت و هەر كاتێك داهاتەكانی عێراق كەم ببێتەوە، بەغدا لە جیاتی ئەوەی دەست بۆ بەكارهێنانی پارەی یەدەگی خۆی ببات، دەست بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان دەبات و كورتهێنانەكەی پێ پڕ دەكاتەوە.

لە کۆتاییشدا دەڵێت: لێرەوە پێویستە هەموو كوردێك لە هەر شوێنێكن، بەو شێوەیەی كە دەتوانن فشار بكەنە سەر حكوومەتی فیدڕاڵی و هەموان بپرسن ئاخۆ خەڵكی كوردستان بە هاووڵاتیی عێراق دەزانن یانیش بە بیانی؟ چونكە ئەگەر هاووڵاتیی عێراقن، دەبێ لە مافیشدا چونیەك بن، ئەگەریش بیانی، ئەوا گەلی كورد پێویستە مافی ئەوەی هەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات!

Back to top button