سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن

ئەمڕۆ شەممە 5/17 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.

لەم سەردانەدا بڕیارە سەرۆکی حکومەت، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس ئەنجام بدات. هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمریکی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی دەکات.

تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، تایبەتە بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی و هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە.

سەرۆکی حکومەت ، هەروەها بەشداریی لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن دەکات بە ناونیشانی “داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان”. کە ڕوانین و دیدگای هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.

Back to top button