وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم: لێبرینی مووچەی خانەنشینان پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە نییە بەڵکو بڕیاری حکومەتی عێراقە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گشتاندنی لێبڕینی خانەنشینییەوە، دەڵێت: چەند پەرلەمانتارێکی پۆپۆلیست و کەسانی بەناو ڕەخنەگری بێ ئاگا کە لەسەر هەموو شت قسە دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین بوختان و چەواشەکارییان لەسەر ناوەرۆکی گشاندنەکە بڵاو کردووەتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، لێبڕینەکە پەیوەندیی بە وەزارەتی دارایی هەرێم نییە و لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی فیدراڵە.
سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە دوای بڵاوبوونەوەی گشتاندنی دارایی ژمارە 4ـی ساڵی 2025 لە ڕێکەوتی 2ـی حوزەیرانی 2025، تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی، وەک لە گشتاندنەکەدا هاتووە کە پاڵپشتە بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و دوو نوسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 5989 لە 15ـی ئایاری 2025 و ژمارە 6170 لە 19ـی ئایاری 2025 و کۆنووسی کۆتایی لێژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 24660ـی ساڵی 2024، لێرەو لەوێ لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی پۆپۆلیست و کەسانی بە ناو ڕەخنەگری بێ ئاگا کە لەسەر هەموو شت قسە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین بوختان و چەواشەکارییان لەسەر ناوەرۆکی گشاندنەکە بڵاو کردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بە پێویستی زانی ئەو چەند خاڵەی خوارەوە بخاتە ڕوو:
1- دوای بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی (٢٠١٤) لە هەرێمی کوردستان بە پێی بریاری ژمارە ( ٢٥٩ ) لە ٢٠٢٤/٧/٣ و سەپاندنی ڕێژەی ( ١٠% ) لێبڕینی خانەنشینی ( توقیفات التقاعدیە ) لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەمەش ڕێژەی ( ٣% ) لێبڕینی خانەنشینی لە ڕێکەوتی ( ٢٠١٤/١/١) تا ( ٢٠٢٤/٦/٣٠ ) وەکوو قەرز تۆمار دەکرێت لەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان کە بە پێی نوسراوی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بە ژمارە ( ١٩١٠٠ ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٥/٨ ) کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغداد کراوە و تیایدا کۆنووسی لێژنەی کۆتایی لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٣/٩ ) هاوپێچ کراوە ئەم لێبڕینەی سەپاندووە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/٦/١ ) لێبڕینەکە لە مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
2- ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکوو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و خودی وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە، لە مانگی شوباتەوە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ هەوڵی داوە ئەو لێبڕینە جێبەجێ بکات و بە ماوەیەکی کورتیش پارەکە وەربگرێتەوە، بەڵام بەهەوڵی تیمەکانی وەزارەتمان ماوەی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە درێژ کرایەوەو چەند مانگێکیش جێبەجێکردنەکەی دوا خرا، کە هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەو لێبڕینەی کردبووە یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی تەمویلی مووچە.
3- چۆن جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بووەتە هۆی سودمەند بوونی سەدان هەزار خانەنشین و فەرمانبەر کە لە داهاتوودا بەم یاسایە خانەنشین دەبن، دەبێت ئەو پابەندییەش جێبەجێ بکرێت کە بریتییە لە دانەوەی ئەو جیاوازی لێبرینە کە لایەنێکی تری یاساکەیە.
4- ئەم لێبڕینی لە (٣% )یە، کە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سندوقی خانەنشینی یەکگرتووی حکوومەتی فیدراڵەوە .
5- جێبەجێکردنی ئەو لێبڕینی خانەنشینییە یەکێک بوو لە تێبینییەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرکاربوونی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق و ناردنی تەمویلی مووچەی مانگانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.
لە کۆتایدا وەزارەتەکە دەڵێت: “وەڵامی پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کورستان لە پەرلەمانی عێراق ( دارا سێکانیانی ) و هاوشێوەکانی و ئەو کەس و لایەنانەی کوێرانە بوختانیان بۆ حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کردووە لەم بابەتەدا بەم ئایەتە پیرۆزە دەدەینەوە ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ )”.