وەزارەتی شارەوانی لەبارەی وەرگرتنی زەوی، سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: تا 20ـی ئەم مانگە پێویستە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بەڵگەنامە و فۆڕمی فەرمانبەرەکانیان بهێنن بۆ وەزارەتمان، دوای ئەو وادەیە هیچ فۆڕمێکی پێدانی زەوی وەرناگیرێت.

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگەیاند ، ” كارەكانی لێژنەی وردبینیكردنی فۆڕمەكانی وەرگرتنی زەوی لە قۆناغی كۆتایی دایە و، تاوەكوو ئێستاش 420 هەزار فۆڕم ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگیراوە.

دەشڵێت: تا 20ـی ئەم مانگە پێویستە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بەڵگەنامە و فۆڕمەكانیان بهێنن، دوای ئەو وادەیە هیچ فۆڕمێك بۆ پێدانی زەوی وەرناگیرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە 3ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، وەزارەتی شارەوانی نووسراوێكی ئاگاداركردنەوەی ئاراستەی سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت كرد و تێیدا ئاگاداریانی کردەوە، کە رێکەوی 20ـی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕمەکان.

لە بەشێكی تری نووسراوەكەی وەزارەتەکەدا هاتبوو، دوای بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، بە ژمارەی (242 لە 27-3-2024) تایبەت بە پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن لێژنەیەكی وردبینییەوە كاری وەرگرتن و وردبینیكردنی فۆڕمەكانی دەست پێ كرد و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە (420،000) چوارسەد و بیست هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ناوەكانیان وەردبینیان بۆ كراوە و رەزامەندیی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تەرخانكردنی زەوی تەواو بووە و ئاراستەی شارەوانییە پەیوەندیدارەكان كراوە و ئێستاش لێژنەكە كارەكانی لە قۆناغی كۆتاییدایە.

Back to top button