
سەگڤان سندی: ئێستا جاشەکان بوونەتە وەرگێڕیش
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، وێڕای ئەوەی جاشەكان دەیانزانی قسەكانی فەرماندەی میلیشیای عەسایب ئەهلی هەق لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە درۆ و ناڕاستن، كەچی بۆیان بڵاوكردەوە.
سەگڤان سندی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، هەرچی خەزعەلی لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە گوتی، درۆ و ناڕاست بوون، هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكی خۆی بە زیادیشەوە جێبەجێ كردووە، كەچی بەغدا ئامادە نییە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و شایستەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
”ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، هەندێك بەكرێگیراو و جاش لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان قسەكانی خەزعەلییان وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی و بڵاویان كردەوە، لە كاتێكدا زۆر باش دەیانزانی ئەو قسانە درۆ و ناڕاستن، تەنانەت بەشێك لە قسەكان بەپێی داتا و ئاماری فەرمی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بەدرۆ خراونەتەوە، هەروەك بابەتی رێژەی هەژارییەكە.“سندی وای گوت.
دەشڵێت، ”ماوەیەكە ئاستی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و شۆڤێنییەكان لەگەڵ جاشەكانیان ئێجگار دابەزیوە، جاران جاشەكان تەنیا فەرمانەكانی ئەوانیان دەگواستەوە بەڵام بە شێوازی خۆیان، كەچی ئێستا جاش وەك وەرگێڕ ئیش دەكەن، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە یان فراكسیۆنێكی تەواون، كەچی لەجیاتی ئەوەی رێزی پیشەكە و نوێنەرایەتییەكەی خۆیان بگرن، بوونەتە وەرگێڕی ئاغاكانیان.“
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو كە لەو كاتەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بڕیاری بڕینی مووچە و قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان داوە، دەیان پەیج بە داهاتی دزراو خراونەتە گەڕ بۆ چەواشەكردنی خەڵك و هاندانی خەڵك لە دژی ئەوانەی كە نایانەوێ سەریان بەرامبەر بە بەغدا شۆڕ بكەن، هەموو پەیجەكان پێكەوە هانی خەڵك دەدەن بۆ تەسلیمبوون بە بەغدا، لە كاتێكدا تەسلیمبوون بە بەغدا هیچ ئەنجامێكی نابێت و تەنیا سەرشۆڕی بەدوادایە.“
لەکۆتاییدا دەڵێت: ”ئێمە گەلی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی و بە سیاسەتی حەكیمانەی مەسرور بارزانی، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك چۆن بەسەر هەموو ئاستەنگەكان زاڵ بوو، بەسەر ئەم كۆسپەشدا زاڵ دەبێت.“