راگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە 

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانی واژۆی کۆتایی لایەنی بەغدان.

لە راگەیاندراوی وەزارەتەکە هاتووە:” وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە چوارچێوەی راسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجمەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. ئاماژە بەوەش کراوە، سەرجەم کۆمپانیا نەوتییە ناوخۆیی و بیانییەکان رێککەوتننامەکانیان واژۆ کردووە “تەنیا یەک کۆمپانیای بیانی نەبێت کە هێشتا واژۆی نەکردووە، بەڵام ئەمەش کاریگەری لەسەر رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە نابێت.”

هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەڵامی رەزامەندییەکانی خۆی و کۆمپانیاکانی، 23ـی ئەم مانگە بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کردووە.

لە کۆتایی باسی لەوەکردووە: “چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ ئیمزاکردنی رێکەوتنەکە وەڵاممان بداتەوە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سۆمۆ (کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق) دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکات و بڕگەکانی رێکەوتنەکە جێبەجێ بکات.”

Back to top button