
ئەپیكۆر: هەناردەی نەوتی هەرێم لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست پێ دەکاتەوە
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)، کە نوێنەرایەتیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات، رایگەیاند ،” پێشوازیی گەرم لە رێککەوتنی کاتی سێقۆڵی دەکەین و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست پێ دەکاتەوە.
هەروەها ئەپیکۆر لە راگەیاندراوێکدا ستایشی سەرکردایەتیی هەریەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد لەبەرانبەر پابەندبوونیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
دووپاتیشی کردەوە:” کە دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت سوودی بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت و بازاڕەکانی وزەی جیهانیش بەهێز دەکات.
لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، رێککەوتنە کاتییەکان رێگە خۆش دەکەن بۆ دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت لە چەند رۆژی داهاتوودا، هاوکات رێڕەوێکیش بۆ رێککەوتنی درێژخایەنتر دابین دەکەن.