نیاز حاجى: پەڕلەمانتاری هەندێ حیزب لە بەغدا هەموو شتێک بوون تەنها نوێنەری کورد نەبوون

چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، هەڵوێستی دژەکوردانەی هەندێک لە پەڕلەمانتارەکانی غەیرە پارتی لەبەغدا، بەسە بۆ ئەوەی کە دەنگدان بەپارتی بۆ پەڕلەمانی بەغدا ئه‌ركه‌.

نیاز حاجی، نووسەر و چاودێری سیاسی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیوویەتی : ”وەک پارتییەک نا، بەڵکو بەقەناعەتەوە ئەو قسەیە دەکەم، ئاساییە بۆ پەڕلەمانی کوردستان دەنگت بۆ پارتی نەبێ، دەنگت بۆ ئەو لایەنە بێ کەردڵخوازتە، بەڵام بۆ پەڕلەمانی بەغدا جیاوازە”.

 

دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بەپرسیاریەتی دەنگدان بۆ دەستنیشانکردنی نوێنەرانی کورد لەبەغدا، ئاستەکەی زۆر زۆر زیاتر و جیاوازترە، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: “لەرابردوودا، هەڵوێستی دژەکوردانەی هەندێک لە پەڕلەمانتارەکانی غەیرە پارتی لەبەغدا بەبێ جیاوازی، بەسە بۆ ئەوەی کە دەنگدان بەپارتی بۆ پەڕلەمانی بەغدا (واجب و فەرزە) و تەنها بژارده‌یه‌ك نیە. ئاخر پەڕلەمانتاری هەندێ حیزب لە بەغدا هەموو شتێک بوون تەنها نوێنەری کورد نەبوون، بگرە لە نەیارەکانی کورد زیاتر دژی کورد بوون، هەندێکیان چاوساغی نەیارانی کوردستان بوون بۆ لێدانی هەرێم، هەندێکیشیان رۆڵی وتەبێژیان دەبینی، هەندێکیان بگرە سکاڵایان لەدژی کارەبای ٢٤ سەعاتیش نووسی”.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تى: “پەڕلەمانتاری تاکە حیزب لەبەغدا لەسەر ئەو بەرنامە و بانگەشەیەی کە لەکاتی هەڵبژاردن کردوویەتی و لەسەری ماونەتەوە و هەڵوێستیان وەک رێژەی نەگۆڕ بووە و نەگۆڕاون و نەکڕدراون، یان لەژێر گوشار و تەماع سازشیان نەکردووە، تەنها و تەنها پەڕلەمانتار و نوێنەرانی پارتی بوون! پەڕلەمانتاری زۆربەی حیزب و لایەنەکان بینیمان چۆن هەندێکیان پەرت و بڵاوبوون، بینیومانە هەندێکی تریان چۆن هەریەک لە ئاوازێک دەیخوێند، و هەندێکی تریشیان هەڵوێستەکانیان بەشێوەیەک بووە کە ئەگەر هەزار رەحمەت بۆ ئەوانەی خەزعەلی بنێردرێ هێشتا هەر کەمە! باشترین و خاوێنترینی پەڕلەمانتاری غەیرە پارتی ئەوانە بوون کە بێلایەن بوون لەنێوان هەرێم و بەغدا”.

ئه‌و نووسەرە ده‌شڵێ: “پەڕلەمانتاری هەندێ لایەن لەجیاتی ئەوەی رۆڵی چاودێریی لەسەر حکوومەتی فیدراڵ ببینن، گەندەڵی و کارە نادەستوریەکانی حکوومەتی بەغدا دەستنیشان بکەن، هاتبوون ئەو کارەیان لەهەرێم دەکرد وەک ئەوە وابوون نوێنەری بەغدا بن له‌ كوردستان”.

Back to top button