بارزان عەلی حەمە:دەنگ بەو لایەنە بدەن کە شۆفل و حەفارەی خزمەتگوزاری لە شەقامە، نەک بەوانەی دەبابە و درۆن.

چاودێرێکی سیاسی لەبارەی دەنگدانی سبەی دەڵێ: دەنگ بەو لایەنە بدەن کە شۆفل و حەفارەی خزمەتگوزاری لە شەقامە، نەک بەوانەی دەبابە و درۆن.

لە نووسینێکدا بارزان عەلی حەمە، چاودێری سیاسی نووسیوویەتی :” هەر کەس شۆفڵی زۆرتری لە شەقام بوو، دەنگ بەو بدەن، نەک میلیشیا و هەمەر و تانک! میکزەمینی و موسەلەحە و تاتۆ و عەینەک و عەزەڵە، بۆ کوێت دەبا؟ خۆ ئێرە کەمبۆدیا نییە! خۆ پڵنگەکانی تامیل نیت مردومرێ! هەرکەسێ دێ، قسەی تازە و خوتبەی تازە و وەعدی زلی لێ نابڕێ، ئێوە لەکوێن؟ کوچکێ لەسەر هیچ کەڵەکێ دانانرێ!

دەشڵێ:” سبەی بڕۆن دەنگ بدەن بە پردێکی نوێ، دەنگ بدەن بە دوو بەنداو و کارگەی ماست و هەناردەکردنی هەنار، بەو هەموو پۆند و پەتاتە! ئێ دەنگ بدەن بە سایلۆی نوێ، نەک ئەوانەی هەر بجوڵێن شتێک دەشکێ. مەعمەلی قسە ڕاگرن، شتێک بکەن قسەی نەوێ، پەیجی نەوێ..

باسی لەوەشکردووە:” سبەی دەنگ بدەن بە بەنداو نەک بە وتار! بیدەن بە شەقام و تونێل نەک بە چەڵتە چەڵتی تلیاک! چما تێر نەبوون لە قسە؟ لە هەڕەشە و وەعدی درۆ؟! فشە فشی سەر شاشەکان؟ کۆنتێنەری پڕ لە جنێو؟! ئەم پێی وایە و ئەوی تریشتان هەر وایە! ئەم هەر دەڵێ و ئەوی تریش، سەد جنێوی لە قوڕگایە..

ئەوەشی نووسیووە :” ئەم حەزارەتی قسەیە و ئەم هۆڵیودە پڕ لە پەیجە، نەبڕایەوە؟ کەی پردی تر دروست دەکەن؟ کەی بەنداوێک پڕ ئاو دەکەن؟ کەی کارەباکە چاک دەکەن؟ کێ چاکی کرد؟ کێ دەیەوێت چاکتری کا بەوی بدەن! چیتان دروست کرد بە قسە، وا خەریکن هی تر دەکەن؟

Back to top button